بەهۆی پەكەكەوە 80%ـی دانیشتووانی شنگال ئاوارەن

:: PM:03:35:07/12/2021 ‌
شێخ شامۆ ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزیدییەكان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لەو كێشانە دەكات كە پەكەكە لە سنووری شنگال دروستی كردوون، ئەوەیش وایكردووە 80%ـی دانیشتووانی شنگال لە ئاوارەیی بژین و ژیانی ژێر خێوەت و ئاوارەیی هەڵبژێرن.

ڕێككەوتنێك كرا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، هۆكاری جێبەجێ نەكردنی چی بوو؟
كێشەكە حكوومەتی عێراقە كە دەسەڵاتی بەسەر پەكەكە نییە لە شنگال، ئەگەر حكوومەتی عێراق لە شنگال دەسەڵاتی هەبووایە، ئێستە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شارەكە كەوتبووە بواری جێبەجێكردنەوە.
زیاتر لە ساڵێكە ڕێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی شنگال لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراقدا واژوو كراوە، چەندان مادە و بڕگەی بواری تەناهی و ئیداری و خزمەتگوزاریی لە خۆی گرتووە.

بەشێوەیەكی گشتی دۆخی شنگال چۆنە؟
 ئێستە ڕەوشی شنگال لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، گرووپە بەدەر لە یاساكان دەستیان بەسەر شارۆكەكەدا گرتووە، زیان بە خەڵكی شارۆكەكە دەگەیەنن و حكوومەتی عێراقی هیچ دەسەڵاتێكی لەو شارۆكەیەدا نییە، بۆیە شنگال لە دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق دەرچووە و هێزەكانی عێراق توانای دەركردنی گرووپە ناشەرعی و بەدەر لە یاساكانیان لەوێ نییە، ساڵێك بە ڕێككەوتنی شنگال تێپەڕی، حكوومەتی عێراق نەیتوانی هێزە نایاسایی و ناشەرعییەكان دەربكات و ڕێككەوتنەكەش نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ڕێككەوتنەكە بۆچی جێبەجێ‌ نەكرا؟ عێراق بەرپرسە لێی یان هەرێمی كوردستان؟
دەبێت حكوومەتی عێراق لە خۆی بپرسێت بۆچی چەندان ساڵە ئاوارەكان ناگەڕێنەوە و خەڵك ژیانی كەمپەكانیان هەڵبژاردووە؟ ئەمە پرسیارێكە دەبێ حكوومەتی عێراق لە خۆی بكات، چونكە هەر خۆیان هۆكارن، خەڵكی شنگال نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەرچاوڕوونی نەدا كە شنگالییەكان چییان دەوێت؟
شنگالییەكان لە هەڵبژاردندا سەلماندیان كێیان دەوێت و بە دەنگەكانیان سەلماندیان ئەو هێزانەی لە شارۆكەكەیاندان، خۆسەپێنن، بۆیە ئەو ڕێككەوتنامەیەی كە بە پێشوازیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی واژوو كراوە، دەبێت بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دوو مانگی ڕابردوو فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، هیچ كێشەیەك لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە نییە؟
پێمان سەیرە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق لە ئاستێكی باڵای وڵاتەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە دەدات و واقیعی دۆخی خراپی شنگال و ڕاستییەكان دەشارێتەوە، هەمووان ئاگاداری ئەوەن ڕێگری بەرانبەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال هەیە، چەندان گرووپی نایاسایی لەو شارۆكەیەدا هەن كە ئەوان هۆكاری جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنی شنگالن.

كەوایە عێراق شنگالی پشتگوێ‌ خستووە؟
حكوومەتی عێراق شنگالی پشتگوێ خستووە و تا ئێستە پابەندی خاڵەكانی رێككەوتنەكە نەبووە، هۆكارێكیش بەهۆی دەستوەردان و هەبوونی چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبییە، بۆیە رۆژ بە رۆژ رەوشی شنگال ئاڵۆزتر دەبێت.

داهاتووی شنگال بە بوونی پەكەكە چۆن دەبێت؟
ئەوەی ئێمە لێ دەترساین رووی دا، ئەگەر پەكەكە لە ناوچەكە بمێنێتەوە، خراپتر بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا دێت، چونكە توركیا بەردەوام هەڕەشەی دەكرد، مانەوەی پەكەكەیش ئەو ڕێیەی لە بەردەم توركیادا خۆش كرد، بەداخەوە قوربانیی یەكەم، هاووڵاتییان و هێزی پێشمەرگە بوون.

بەشێوەیەكی فەرمی داوای چۆڵكردن لە پەكەكە كراوە؟
ئەوە چەندان جارە داوا لە پەكەكە دەكەین ناوچەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بێ گوێدان بە هیچ كەس و لایەنێك، ئەوان لەسەر كارە خراپەكانی خۆیان بەردەوامن، ئەوەیش وا دەكات ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە، جارێكی تر ئاوارە ببنەوە، بێگومان ئەوەش زیانێكی زۆر لە شنگال و شنگالییەكان دەدات، چونكە بارەگاكانی پەكەكە تەنیا 500 مەتر لە خەڵكی سڤیلەوە دوورن.

زیانی پەكەكە چییە بۆ هاووڵاتییان لە كاتێكدا عێراق دەڵێت شنگال دۆخێكی باشی هەیە؟
هەموو خەڵك دەزانن پەكەكە هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكانە، ئێستە 80%ـی دانیشتووانی شنگال ئاوارەن و لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و لە ئاوارەیی ناو خێوەتەكانی ناو كەمپەكان دەژین، بەشێكیشیان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات كرد، ئەگەر شنگال ئازاد بووایە و خەڵك مەترسییان لەسەر نەبوایە، دەگەڕانەوە زێدی خۆیان.

باس لەوە دەكرێ‌ پەكەكە ئەو شارۆكەیەی كردووەتە سەربازگە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
لەگەڵ چەكدارانی حەشد ڕێككەوتنیان كردووە و خۆیان لەژێر هەژموونی ئەوان شاردووەتەوە، بەشێكی زۆری شارۆكەكە و چیاكانی سنووری شنگالیان كردووەتە تونێل، هاوشێوەی داعش كارەكانیان دەكەن، بۆیە پێویستە پەكەكە بوەستێنرێت.



وشە - رامیار جەواد