لە گەڕەكێكی كەركووكدا تیرۆریستانی داعش دوو ئاڵایان لەسەر قوتابخانەیەك هەڵكرد، شوێنەكەش نزیكی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی كوردییە لەو شارە.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی كانوونی یەكەم، پەیامنێری "وشە" لە كەركووك پێی ڕاگەیاندین، لە گەڕەكی شۆرجەی شاری كەركووك، دوو ئاڵای داعش لەسەر باڵەخانەی قوتابخانەیەكی تەواو نەكراو هەڵكراوە.
پەیامنێری "وشە" باسی لەوەش كرد، شوێنی ئەو ئاڵایانەی لێ هەڵكراوە كە قوتابخانەیە، نزیك یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی بوو.
ئەوە لە كاتێكدایە كەركووك دەیان هێزی عێراقی تێدایە و ناتوانن تەناهیی شارەكە بپارێزن، جیا لەوەی ماوەی مانگێكە تیرۆریستان لە دەرەوەی شاریش جووڵەیان زۆر بووە.
دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كە باڵێكی خیانەتكار لەناو یەكێتی كەركووكی ڕادەستی میلیشیاكانی عێراق كرد، بەمەیش تا ئێستە ئەو شارە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە.
هەژار ڕەشید