كتێبی "عێراق مێژوویەك پڕ لە جەنگ و ململانێ" بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:01:57:08/12/2021 ‌
كتێبی "عێراق مێژوویەك پڕ لە جەنگ و ململانێ" بڵاو دەكرێتەوە كە  لە نووسینی ڕزگار حاجی حەمیدە، كتێبەكە 382 لاپەڕەیە و بە تیراژی 500 دانە چاپ كراوە.

رزگار حاجی حەمید نووسەری كتێبەكە، بە "وشە"ی گوت، پشتیوان حەمەسەعید پێشەكی بۆ كتێبەكە نووسیوە، چاپخانەی كارۆ كتێبەكەی چاپ كردووە و بڕیارە لەم رۆژانەدا بگاتە دەستی خوێنەران.

ئەو ئاماژەی دا، "ئەم كتێبە باس لە قۆناغە جیاوازەكانی 100 ساڵی رابردووی عێراق دەكات ، خۆم رووداوەكانم شرۆڤە و شیكار و شەنوكەو كردوون."

باس لە شۆڕشی ساڵانی بیست و هۆكارەكانی بڵاوبوونەوە و هەرەسهێنانی و دامەزراندنی حكوومەتی كاتیی لە عێراقدا دەكات


بەشێكی كتێبەكە باس لە شۆڕشی ساڵانی بیست و هۆكارەكانی بڵاوبوونەوە و هەرەسهێنانی و  دامەزراندنی حكوومەتی كاتیی لە عێراقدا دەكات. بەشێكی تر لە كتێبەكە باسە لە  كۆتایی جەنگی جیهانی و دۆخی باشووری كوردستان،كێشەی ویلایەتی مووسڵ و پاشان لكانی بە عێراقەوە خراوەتە ڕوو.

لە بەشێكی تری كتێبەكە باس لە كودەتاكانی بەكر سدقی، ڕەشید عەلی گەیلانی و عبدولكەریم قاسم و كودەتاكەی دەیەی شەستەكان كردووە. رۆڵی نووری سەعید لە هاوكێشە سیاسییەكاندا و پاشان بەعسییەكان خراوەتە ڕوو.

جێی  باسە ڕزگار حاجی حەمید، نووسەرە و خاوەنی پێنج  بەرهەمی تری ئەدەبی و سیاسییە.

سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - سلێمان تاشان