فایزەر و ئەسترازینیكا پاڵپشتی تیرۆریان لە عێراق كردووە

:: PM:06:20:05/01/2022 ‌

دادگایەكی ئەمەریكی داوایەكی یاسایی لە دژی كۆمپانیاكانی فایزەر و ئەسترازینیكا و چەند كۆمپانیایەكی تر زیندوو كردەوە، بەهۆی ئەوەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق بووەتە هۆی پاڵپشتیكردنی تیرۆر و كوژرانی هەزاران سەربازی ئەمەریكا لە عێراق.

لە 2018 وەزارەتی دادی ئەمەریكی لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەی چالاكی چەند كۆمپانیایەكی دەرمان لە عێراق دەست پێ كرد، بەوە تۆمەتباری كردن كە لە نێوان ساڵانی 2005 و 2009دا بێ بەرانبەر دەرمان و كەرەستەی پزیشكیان بە حكوومەتی عێراق داوە، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی ئەو دەرمان و كەرەستانە لە بازاڕی رەش دەفرۆشرێنەوە بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر. 
دەرچوونی حوكم دژی كۆمپانیاكان كاریگەری گەورەی دەبێت
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردووتەوە، داواكاران باسی ئەوە دەكەن كە گرووپی سوپای مەهدی پاڵپشتیكراو لەلایەن گرووپی حزبوڵای لبنانییەوە، ئەوكات كۆنترۆلی ئەو وەزارەتەی كردووە و ئەو كۆمپانیایانەی تۆمەتبار كراون، كە 21 كۆمپانیای ئەمەریكی و ئەوروپی بواری دەرمان و كەرەستەی پزیشكین، بەرتیلیان داوە بۆ بەدەستهێنانی گرێبەست لە وەزارەتەكە.

لای خۆیانەوە نوێنەرانی پێنج لەو كۆمپانیایانە ئاماژەیان كرد كە رێوشوێنەكان دەری دەخەن كە ئەو كۆمپانیایانە بەرپرسیار نین بەرانبەر بەو تۆمەتانە، لەوكاتەی ئەو داوایە لەلایەن كەسوكاری قوربانیانی هێرشەكانی سوپای مەهدی لە عێراق پێشكەیشیان كردووە، لە 2020 رەت كرابوونەوە، بەڵام لەلایەن دادگایەكی تێهەڵچوونەوەی ئەمەریكی زیندوو كراوەتەوە.  

تا ئێستە هیچ لێدوانێك لەلایەن پارێزەرانی كۆمپانیاكان و كەسوكاری قوربانیان نەدراوە، بەڵام پارێزەرانی بەرگری لە كۆمپانیاكان ئاماژە دەكەن كە ئەوان لە دوای 2003 چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك و درزی نەخۆشی هیمۆفیلیا و ئامێرەكانی شەپۆلی سەرووی دەنگ و هیلكاری دڵ و هیتریشیان بە عێراق داوە. جیا لەوە دەرچوونی حوكم لە دژی ئەو كۆمپانیایانە، كاریگەری گەورەی بۆ سەر ئامادەییان بۆ پێشكەیشكردنی یارمەتی بۆ ناوچە كێشەدارەكان لە داهاتوودا دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل