دكتۆر سه‌باح سوبحی په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، له دیمانه‌یه‌كی ''وشه''دا باس له ھه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار و چه‌ند پرسێكی تر ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێشێل نه‌كردووه و پۆستی سه‌رۆك كۆماریش سه‌رۆك بارزانی یه‌كلای ده‌كاته‌وه.
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دیاری كران؟
به‌پێی ماده‌ی پێنجی پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی عێراق، سه‌رۆكی به‌ته‌مه‌ن ھه‌ڵده‌ستێت به‌ھه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و عورفێكی ده‌ستووری ھه‌یه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سوننه و جێگری یه‌كه‌م بۆ شیعه و جێگری دووه‌م بۆ كورده، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی عورفی ده‌ستووره و پۆسته‌كان دابه‌ش ده‌كرێن، به‌ڵام له‌سه‌ر كاندیده‌كان پێشتر له نێوان لایه‌نه‌كان رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، بۆیه زۆرینه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه رێككه‌وتن.
ھه‌ندێك لایه‌ن بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌یان كرد، به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ھۆكار چی بوو؟
ده‌توانن هۆكاری سه‌ره‌كی له ئه‌وان بپرسن، چونكه له‌ناكاو ھۆڵی په‌رله‌مانیان جێھێشت، له‌وانه‌یه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لای خۆیان بێت.
پارتی زۆرترین كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست ھێناوه له‌ناو كورد و چاوپۆشی له زۆر شت كردووه
به‌ڵام ئه‌وان باس له‌وه ده‌كه‌ن پارتی بێ گه‌ڕانه‌وه بۆیان، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر كردبوو، ئه‌مه تاچه‌ند ڕاسته؟
به‌پێچه‌وانه‌وه پارتی زۆرترین كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست ھێناوه له‌ناو كورد و چاوپۆشی له زۆر شت كردووه، ھیچ لایه‌نێك موزایه‌ده‌مان له‌سه‌ر نه‌كات و به‌رژه‌وه‌ندی كورد پارتی ده‌یپارێزێت، یه‌كێتیش لایه‌نێكی سیاسییه و خۆی ده‌زانێ چ ده‌كات، به‌ڵام پارتی به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێشێل نه‌كردووه.
باس له‌وه ده‌كرێ یه‌كێتی بۆیه بایكۆتی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ناوماڵی شیعه تێكنه‌چێت، رای ئێوه چییه؟
ئه‌گه‌ر ناوماڵی شیعه به‌ناو ماڵی كورد ده‌گۆڕێته‌وه، ئه‌وه سته‌مێكی گه‌وره‌یه، چونكه ئێمه ئامانجمانه ناوماڵی كورد تێكنه‌چێت، به‌ئامانجێكی پیرۆز رێككه‌وتن ده‌كه‌ین، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گشتیمان ھه‌یه و ئه‌گه‌ر خه‌مخۆری لایه‌نی شیعه بن، ئه‌وه ته‌فسیری خۆیانه.
بۆچی لایه‌نه‌كانی تری كوردستان ده‌نگیان به كاندیدی پارتی نه‌دا؟
كۆمه‌ڵ یه‌ك نوێنه‌ری ھه‌یه و نه‌وه‌ی نوێش پێشتر خۆیان یه‌كلا كرده‌وه كه به‌شداری ھیچ ناكه‌ن و پێچه‌وانه‌ن، ئێمه رێزی ئه‌وان ده‌گرین و بۆچوونی خۆیانه، به‌ڵام ئێمه ناڵێین بۆ ده‌نگیان به‌ئێمه نه‌دا، چونكه زۆرینه‌كانی شیعه و سوننه و كورد ده‌نگیان به كاندیدی ئێمه دا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت جگه له‌وه‌ی قاعیده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی فراوانمان ھه‌یه، به‌ھه‌مانشێوه رێككه‌وتنی باشمان له‌گه‌ڵ ھه‌موو لایه‌نه‌كان ھه‌یه به‌سوننه و شیعه و به چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگییه‌وه، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی دژی ئێمه نه‌بوو، دژی ره‌وتی سه‌در بوو، به‌ڵام پرۆسه‌كه ئێمه‌شی گرته‌وه و ئێمه ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ ھیچ لایه‌نێك نییه، ئه‌مه روانگه‌یه‌كی سیاسییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌توانین زۆرینه پێكبێنین و بڕیاره‌كان تێپه‌ڕێنین، ئه‌مه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ھه‌رێم و عێراقه.
پێگه‌ی پارتی وا به‌ھێز بووه ده‌توانێ پۆسته باڵاكان، له‌وانه‌ش سه‌رۆك كۆمار یه‌كلا بكاته‌وه؟
پۆستی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك بارزانی یه‌كلای ده‌كاته‌وه، ئه‌و تاكه كه‌سه نه‌ك ته‌نیا پۆستی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تریش چاره‌سه‌ر ده‌كات، ھه‌ولێر بووه‌ته شوێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق، ئه‌وه‌ش شانازییه بۆ پارتی و شانازییه بۆ مه‌رجه‌عی كورد كه كێشه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه، جگه له پۆسته‌كانی كورد و پارتی، پۆسته‌كانی تریش به‌پێی سازان و هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی خۆتان دیاری كردووه، راسته دكتۆر ڤیان سه‌بری بۆ ئه‌و پۆسته دیاری ده‌كرێت؟
تا ئێسته به‌فه‌رمی یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه و ده‌توانن له خۆی بپرسن ئه‌گه‌ر شتێكی له‌و شێوه‌یه هه‌بێت.
بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان چۆن خۆتان ئاماده كردووه؟
خۆمان وا ئاماده كردووه كه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بده‌ین له‌باره‌ی ماده‌ی 140 و دۆخی دارایی ھه‌رێم و مافی جووتیاران، كه‌رتی ته‌ندروستی و ھه‌موو كێشه‌كانی تر، ته‌نیا ماوه حكوومه‌ت پێكبێت و سه‌رۆك كۆمار دیاری بكرێت، ئێمه له په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاره‌كانمان ده‌كه‌ین و ته‌واویان ده‌كه‌ین.
هه‌ولێر\بڵند ئیبراھیم