وەستاندنی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق مانای چییە؟

:: PM:05:41:13/01/2022 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم دادگای باڵای فیدراڵی، كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، بڕیارێكی دەركرد بە وەستاندنی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەكی كاتی، ئەوەیش دوای دوو داوای یاسایی لەبارەی بوونی پێشێلكاریی دەستووری و پێڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان، ئەو دەستەیەی كە چوار رۆژ بەسەر هەڵبژاردنیدا تێپەڕیوە.

بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دوو داوایە پابەندی تیادایە، محەمەد ساعیدی، شارەزای یاسایی عێراقی دەڵێت، دوای بڕیارەكەی دادگای باڵا، ئێستە كارەكانی پەرلەمان بە شێوەیەكی كاتی هەڵپەسێردراوە، واتە پەرلەمان ناتوانێت هیچ دانیشتنێكی ئاسایی ساز بكات و هیچ رێوشوێنێكی تر ئەنجام بدات، وەك هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تا كاتی یەكلابوونەوەی بابەتەكە، بڕیارەكەیش كاتی بۆ دیاری نەكراوە و رەنگە هەفتەیەك یان مانگێك یان زیاتر بخایەنێت. 
بڕیارەكە كاتی بۆ دیاری نەكراوە و رەنگە هەفتەیەك یان مانگێك یان زیاتر بخایەنێت
بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ بە وەستاندنی كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوای دوو پەرلەمانتار بووە لەبارەی شەرعیەتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان، كاتێك هەردوو پەرلەمانتار باسم خەشان و مەحموود مەشهەدانی، دوو داوایان پێشكەیش دادگای فیدراڵ كرد بۆ وەستاندنی هەموو رێوشوێنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان وەریان گرتووە تا كاتی یەكلابوونەوەی تانەدان لە دەستووری یەكەم دانیشتن و هەموو رێوشوێنە یاساییەكانی تیایدا وەرگیراون، لەوانەیش هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی.

سەعد سەعدی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە گوتی، بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ دووپاتی دەكاتەوە و ئاماژەیشە بۆ ئەوەی ئێمە باسمان كردبوو بەوەی دانیشتنی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشێوەیەكی نا دەستووری و نا یاسایی بووە، بەپێی رێككەوتنی سیاسی و دەستەوارە بووە، بەتایبەتی دوای ئەو پشێویەی دروست بوو كە دەستدرێژی كرایە سەر سەرۆكی بەتەمەنی دانیشتنەكە. 

روونی كردەوە، ئەگەری هەیە دادگای فیدراڵ لە رۆژانی داهاتوو بڕیاری نوێی هەبێت كە بەیەكجاری ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی تانەكانین و ئەوەی لە دادگا دەربچێت رێزی لێ دەگیرێت و بۆ هەموو لایەك پابەندی تیادایە.

لای خۆیەوە مەهدی تەقی، سەرۆكی لیستی رێكخراوی بەدر گوتی، بڕیارەكە سەركەوتنە بۆ دیموكراسی و سەلمێنەری پاكی دادگای عێراقییە، ئێمە متمانەمان بە دادگا هەیە و پەنای بۆ دەبەین و رێز لە بڕیارەكانی دەگرین، هیواشمان وایە گەلی عێراق و دنیا هەڵوێستێكی یاسایی مێژوویی بەمنزیكانە ببینن، ئەوەی لەناو یەكەم دانیشتنی پەرلەمان روویدا یەكلای بكاتەوە، بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان پەنا بۆ یاسا و دەستوور ببەن و دەرگەی گفتوگۆیەكی راستەقینە بكەنەوە و هاوبەشانیان فەرامۆش نەكەن. 

دوای ئەوەی یەكشەمی رابردوو یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و تیایدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا، باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ رای گەیاند كە بەنیازە لە دادگای باڵای فیدراڵ تانە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بدات بەهۆی بوونی پێشێلكاریی دەستووری، بۆ ئەوەیش بەڵگە و وێنەم لایە كە بەتاڵی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەسەلمێنن، هاوكات دوای دەستدرێژیكردنە سەر مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی تەمەنی دانیشتنەكە، دانیشتنەكە شەرعەیتی لەدەست دا، بۆیە هەر بڕیارێك دوای ئەوە درابێت بەتاڵە و دادگای باڵا ئەوە یەكلا دەكاتەوە. 

دوای بڕیاری دادگای فیدراڵیش خەشان دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكە هەموو رێوشوێنەكانی پێوەست بە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی وەستاندووە، لەوانەیش تۆماركردنی فراكسیۆنی گەورە و دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەركۆماریش.

جاسم بەیاتی، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا گوتی، بڕیارەكە دووپات لە نا دەستووری گۆڕینی سەرۆكی تەمەنی یەكەم دانیشتن و رێوشوێنەكانی دوای ئەوە بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دەكاتەوە، بۆیە لە حاڵەتی بردنەوەی داواكە، هاوكێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگۆڕێت.

روونی كردەوە، لە هەموو حاڵەتەكان گۆڕینی سەرۆكی تەمەن پێشێلكاری روونی دەستوورییە و پێویست بە سەلماندن ناكات، بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیش ناراستەوخۆ ئاماژەیە بۆ نادەستووری گۆڕینی مەشهەدانی و ئەو رێوشوێنانەی دوای ئەوە وەرگیراون بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی. بۆیە دادگای باڵا دەسەڵاتی لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی وەرگرتەوە و لە حاڵەتی بردنەوەی تانەكەیش، هاوكێشەكە دەگۆڕێت و حەلبووسی و دوو جێگرەكەی ناگەڕێنەوە پۆستەكانیان.  

9ی ئەم مانگە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە چوو و تیایدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوور لە خواستی شیعەی نزیك لە ئێران دیاری كران، ئەوەیش وای كرد رەخنە لە دانیشتنەكە بگرن و بە نایاسایی وەسفی بكەن، بەتایبەتی دوای گۆڕینی سەرۆكی تەمەنی دانیشتنەكە.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دانیشتنەكە بەپێی مادەی 54ی دەستووری عێراق بەڕێوە چووە و چەند هەنگاوێكی لەخۆ گرت، لەوانە سوێندی یاسایی ئەندامانی نوێ.

زیاتر گوتی، كۆمسیۆن ناوی سێ بەتەمەنترین ئەندامی وەك سەرۆكی دانیشتنكە دیاری كردبوو، مەحموود مەشهەدانی یەكەمیان، بەهۆی لاگیری و بوونی وەك كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، شایستەی ئەوە نەبوو دانیشتنەكە بەڕێوە ببات، بۆیە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە درایە خالد دەراجی.

عەبدوڵا ئاماژەی كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان بە رێوشوێنی یاسایی و بە ئامادەبوونی فەرمانگەی یاسایی و راوێژكارانی یاسایی بەڕێوە چوو و هەموو رێوشوێنەكانی سازكردنی دانیشتنەكە و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی یاسایی بوو، جیا لەوە رێز لە بۆچوون و هەڵوێستی ئەوانیتریش دەگرین، بەڵام پێویستە هەمووان رێز لە دەستوور بگرن و بە رێوشوێنە یاساییەكان رازی بن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل