دوێنێ پێنجشه‌م دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی له عێراق كاره‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی خولی نوێی په‌رله‌مانی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی هه‌ڵپه‌سارد، تا ئه‌و سكاڵایه‌ی دوو په‌رله‌مانتار تۆماریان كردووه یه‌كلایی بكرێته‌وه، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینیش هێرشكرایه سه‌ر باره‌گه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دووم به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د حه‌لبووسی كه وه‌ك سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه، له ناوچه‌ی ئه‌عزه‌مییه‌ی به‌غدا، هاوكات له ناوچه‌ی یه‌رمووكیش هێرشكرایه سه‌ر باره‌گه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی عه‌زم كه له‌لایه‌ن خه‌میس خه‌نجه‌ره‌وه سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئاراسته‌كردنی عێراق به‌ره‌و ئاڵۆزی هه‌ژمار ده‌كرێت، كه میلیشیاكان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن.
ڕۆژنامه‌ی "
عوكاز"ی سعوودی له‌وباره‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردن و ده‌ركه‌وتنی شكستی به‌ره‌ی میلیشیاكان و هاوپه‌یمانانی كۆماری ئیسلامی ئێران، سه‌رجه‌میان له ژێر ناوی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستیان به فشار و كێشه دروستكردن كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شكسته قووڵه‌ی تووشی هاتوون، قبووڵی نه‌كه‌ن و له ڕێی هێز و فشاره‌وه له ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه، له‌و پێناوه‌یش سه‌ره‌تا هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته‌گه‌ڕ، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه له ڕێی فشاركردن له‌سه‌ر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی له عێراق، تا ناچاریان بكه‌ن، بڕیاری ئه‌وه بده‌ن كه هه‌ڵبژاردنه‌كه ساخته‌كاری زۆری تێدا كراوه و پێویسته ڕه‌ت بكرێته‌وه و واده‌ی هه‌ڵبژاردنێكی تر دیاریی بكرێت.
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆریان به‌و ئاراسته‌یه، به‌ڵام نه‌یانتوانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕه‌ت بكه‌نه‌وه، وه‌ك هه‌نگاوی دواتر به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشیان كرده سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، پاشان له ده‌روازه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا جه‌ماوه‌ریان كۆ كرده‌وه، تا فشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی دۆخی ئاسایش و ئارام وڵاتیان كرد و ئێسته‌یش به‌رده‌وام پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌به‌ستنه‌وه به ئاسایشی وڵات و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق.
له هه‌نگاوێكی تر دا شاندێكی ئێرانی گه‌یشتنه به‌غدا و هه‌وڵی نه‌هێشتنی ناكۆكی و یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی شیعه‌یان دا، كه به‌سه‌ر به‌ره‌ی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دابه‌شبوون، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته‌گه‌ڕ، به‌ڵام موقته‌دا سه‌در سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن بمێنێته‌وه و حكوومه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه پێكبهێنرێت، هه‌ر لایه‌نێكی تری شیعه‌یش كه ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌در بچێته ناو هاوپه‌یمانی جیا له نووری مالیكی له‌لایه‌ن سه‌ده‌ره‌وه پێشوازییان لێ ده‌كرێت.
هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه شكستیان هێنا و كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی دانیشتنی یه‌كه‌می خولی نوێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ساز بكرێت، له نۆی ئه‌م مانگه‌یش دانیشتنه‌كه به‌سترا، له سیناریۆیه‌كی ئاشكرا و ڕوونیش دا، كه به‌ره‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دایانڕشتبوو، سه‌رۆكی ته‌مه‌ن، كه به ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتاره و خولی نوێ ده‌كاته‌وه، به بیانووی تێكچوونی باری ته‌ندروستی به په‌له گه‌یه‌نرایه ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی دانیشتنه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه په‌كبخه‌ن و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ڵنه‌بژێردرێت، به‌ڵام دواتر كه‌سێكی تر ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ سپێردرا و پرۆسه‌كه به سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی هات و محه‌مه‌د حه‌لبووسی بۆ سه‌رۆك و حاكم زاملی بۆ جێگری یه‌كه‌م و شاخه‌وان عه‌بدوڵا بۆ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردران.
له ئه‌نجامی شكستهێنان له وه‌ستاندنی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می خولی نوێی په‌رله‌مان، ئه‌مجاره میلیشیاكان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی په‌نایان بۆ دادگه‌ی فیدڕاڵی برد و له ئه‌نجامی فشاركردن له‌سه‌ر دادگه‌كه كاری ده‌سته‌ی نوێی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی وه‌ستاند و هێرشیان كرده سه‌ر باره‌گه‌ی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دووم و عه‌زم، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه دوای ته‌واوبوونی دانیشتنه‌كه، میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه‌یان له كورد و سوننه كرد، به‌وه‌ی ناوماڵی شیعه‌یان تێكداوه و "خیانه‌ت"یان له‌وان كردووه. بۆیه ده‌بێ چاوه‌ڕێی زیانه‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌یان بن، وادیاره زیانه‌كانیش مه‌به‌ستیان له‌و هێرشیانه بووه كه كرایه سه‌ر باره‌گه‌ی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دووم و عه‌زم.
ئه‌مانه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه میلشیاكان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به هه‌ر نرخێك بێت، ئاماده‌نین حكوومه‌تی زۆرینه‌ی سه‌در قبووڵ بكه‌ن، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه دۆخی عێراق به ته‌واوی بشێوێنن، به تایبه‌ت له دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و له پرۆسه‌ی ده‌ستنیشان كردنی سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو و ڕاسپاردنی له‌لایه‌ن سه‌ركۆماره‌وه.
میلیشیاكان ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیش نه‌بێت، پێشبینی ده‌كرێ ئاشووب و ئاڵۆزی بخه‌نه نێو عێراقه‌وه و به‌ره‌و جه‌نگی ناوخۆیی وڵات ئاراسته بكه‌ن، یان سیناریۆیه‌كی تریان ئه‌وه‌یه، كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له هه‌ندێ ناوچه بكشێننه‌وه و ڕێگه بۆ پاشماوه‌كانی داعش خۆش بكه‌ن، تا ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ندێك ناوچه‌ی تری عێراق بگرنه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ركرده‌كانی داعش كه له گرتووخانه‌ی ئه‌بو غرێب و حوت دان ڕزگاریان بكه‌ن و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقیان ڕاده‌ست بكه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌یش هاوشێوه‌ی سیناریۆی 2014یه و ده‌یانه‌وێ دووباره‌ی بكه‌نه‌وه.