مەکتەبی سیاسی پارتی: ھێرشکردنە سەر بارەگانمان بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین

:: PM:07:10:14/01/2022 ‌
له‌ ڕاگه‌یانراوێكدا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان ڕاى گه‌یاند، "ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتی و لایەنەکانی تر بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و پێویستە داودەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14ى كانوونى دووه‌م، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكدا ڕای گه‌یاند، "دووبارە رەفتاری ناڕەوا و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و پێکەوەژیان و دژ بە یاسا بەرانبەر بارەگای پارتیمان لە بەغدا و چەند لایەنێکی سیاسی تر ئەنجامدرا و ھێرش کرایە سەریان."

زیاتر هاتووه‌، "ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێرشکردنە سەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەکانی تر بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و ئیدانەیان دەکەین، بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە کردەوانەیش دەڵێین، ئەو ئسلوب و ڕەفتارانەتان ڕێی چارەسەری کێشەکان نین بەڵکو بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن."

ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، "پێویستە داودەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن، ھەروەھا پاراستنی بارەگا و کادیرانی حزبمان و لایەنە سیاسیەکانی تریشیان لەئەستۆ دایە و پێویستە بیانپارێزن".

شەوی ڕابردوو چەند هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر بەغدا هەبوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، هێرشەكان بۆ سەر بارەگای عەزم و بارەگای هاوپەیمانی تەقەدوم و لقى پێنجى پارتى دیموكراتى كوردستان بووه‌.


وشە - محەمەد میران