فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئاشكرای كرد، پرۆسه‌ی گۆڕینی ناوی توركیا ده‌ستی پێ كردووه، له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانیان گرتووه‌ته‌به‌ر.
ناوی توركیا به زمانی ئینگلیزی به turkey ده‌نووسرێت و له گووگڵ و سه‌رجه‌م پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌ر به‌و شێوه‌یه ناوی توركیا ده‌هێنرێت.
له جیاتی turkey وشه‌ی turkiye بنووسرێت.
توركه‌كان پێیان وایه وشه‌كه له فه‌رهه‌نگی زمانی ئینگلیزی به واتای عه‌له‌شیش دێت، ئه‌مه‌ش له وڵاتێك ناوه‌شێته‌وه به‌و ناوه بانگ بكرێت، جگه له‌مه هه‌مان وشه به واتای گه‌مژه و نه‌زان دێت، بۆیه ده‌بێت ناوه‌كه له ئینگلیزییه‌كه‌ی بگۆڕێت و و له جیاتی turkey وشه‌ی turkiye بنووسرێت.
به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشتریش وڵاتی تر ناوی خۆیان گۆڕیوه. له ساڵی 1930 ئێرانیش ناوی خۆی گۆڕی، ئه‌وكات ناوی پێرشیا یان پرێس و پرسه بوو، به‌ڵام دواتر كردیانه ئێران، هه‌رچه‌نده هێشتا هه‌ندێك شوێن هه‌مان ناوه كۆنه‌كه به‌كار ده‌به‌ن.
پێویسته ئاماژه به‌و راستییه بكرێت، زیاتر له هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك توركانی سه‌لجووقی ده‌ستیان به‌سه‌ر ناوچه‌ی ئاناتۆلیدا گرت، بۆ یه‌كه‌م جار وشه‌ی توركیا دروست بوو كه به واتای ناوچه‌ی توركنشین دێت.
دوای دامه‌زراندنی ئیمپراتۆری عوسمانی، كه‌متر ناوی توركیا هێنراوه و ئیمپراتۆرییه‌كه به ناوی عوسمانی بوو، به‌ڵام دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆری عوسمانی، له ساڵی 1923 بۆ یه‌كه‌م جار ناوی توركیا به فه‌رمی له كۆڕ و كۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تۆمار كرا و وڵاتی توركیا له‌وكاته‌وه هه‌ر به turkey نووسراوه.
چیتر توركه‌كان پێیان خۆش نه‌بێت ئینگلیزه‌كان به عه‌له‌شیش بانگیان بكه‌ن
وا پێ ده‌چێت چیتر توركه‌كان پێیان خۆش نه‌بێت ئینگلیزه‌كان به عه‌له‌شیش بانگیان بكه‌ن، بۆیه ده‌ستكاری ناوه‌كه ده‌كه‌ن.
پێویسته ئاماژه به‌و راستییه‌ش بكه‌ین كه مه‌به‌ستی توركیا له دانانی ناوه‌كه، به ناوی نه‌ته‌وه‌ی تورك له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، بۆ ئه‌وه بووه نه‌ته‌وه‌ی تورك باڵاده‌ست بكات و خاكی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تریش له‌سه‌ر تورك تاپۆ بكات، له كاتێكدا به‌شێكی به‌رچاو له خاكی توركیا كوردستانه و له‌م وڵاته ئه‌رمه‌ن و نه‌ته‌وه‌ی تریش ده‌ژین.
تا چه‌ند ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر، كورد له توركیا به توركی كێوی بانگ ده‌كرا، به‌ڵام گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كورد له‌و وڵاته، تا ئاستێك پاشه‌كشه‌ی به‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌سیمیلاسیۆن كردووه.