لەكاتی بەفرباریندا هۆشداری بە شۆفێران دەدرێت

:: AM:10:02:16/01/2022 ‌

بارینی بەفر و سپیبوونی شەقام و شاخ و باخەكان، ڕەنگە دیمەنێكی چێژبەخش بێت و هەمووان حەز بە بینینی ئەو دیمەنانە بكەن، بەڵام بۆ شۆفێران ئەركەكەیان دەبێتە دوو هێندە و بگرە زیاتریش لە كاتی شۆفێریكردن لە كەشوهەوای لەم جۆرەدا، ئەمەش لەبەرئەوەی بەرپرسیاریەتییەكان و شێوازی شۆفێریكردن سەختتر دەبێت و ڕەنگە لە هەندێك بارودۆخدا مەترسیدار بێت.

لەمبارەیەوە كاروان ڕەزا رۆنگۆڕ و شارەزای بواری میكانیكی و كارەبایی ئۆتۆمبێل، بۆ ''وشە'' چەند ڕێنوێنییەك دەخاتە ڕوو كە ڕەنگە ببنە هۆی پاراستنی گیانی شۆفێر لەكاتی شۆفێریكردنی ناو بەفردا: 

لەکاتی بەفر باریندا پێویستە شۆفێران ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن

یەكەم: ئامادەكردنی ئۆتۆمبێلەكەت بە دڵنیاكردنەوە لە چەند خاڵێكی گرنگ، ''پێویستە ئەنتی فریز ''شلەی دژەبەستن'' بكەیتە ناو ڕادێتەر، دڵنیابوون لە سیستمی برەیك لە ئۆتۆمبێلەكەتدا ''سیستمی ABS  بەباشی كار بكات، نەبوونی لیك و لێچوون لە سیستمەكەدا، تایەی ئۆتۆمبێلەكەت پێویستە چاڵ و خەتەكانی لە ڕێژەی دیاریكراوی یاسایی كەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تێدا بێت و نابێ هەوای كەم بێت، فڵچەی جامەكان بە باشی كار بكات، سیستمی گەرمی ئۆتۆمبێل و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی كار بكەن، هەروەها پێویستە پاتری ئۆتۆمبێلەكەت نوێ بێت و هیچ كێشەی نەبێت.

دووەم: كەمكردنەوەی خێرایی بۆ ئاستێك كە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەت هەبێت، واتە لە ناو شارەكان خێرایی لە 30 بۆ 50 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا زیاتر نەبێ و بۆ دەرەوەی شار لە 60 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا زیاتر نەبێ، یان كەمكردنەوەی خێرایی بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەكە.

سێیەم: پاراستنی ماوەی سەلامەتی لە نێوان ئۆتۆمبێلەكەی خۆت و ئۆتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە بەفرباریندا كەم دەكات، بۆیە پێویستە ماوەیەكی دیاریكراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل.

چوارەم: ئیشكردنی ڕووناككەرەوە ''لایتی نزم'' و ڕووناككەرەوەی تەم گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە بارینی بەفر و بوونی تەم ڕێژەی بینین كەم دەكاتەوە.

پێنجەم: نابێ شۆفێر بە شپرزەیی و لەناكاو ئیستۆپ بگرێت، بەڵكو بە نەرمی و لەسەرخۆیی.

شەشەم: دیاریكردنی خێرایی ''تحدید سرعە Cruise control'' لەكاتی بارانبارین و بەفردا بیكوژێنەرەوە، چونكە دیاریكردنی خێرایی لەم كاتانەدا وا دەكات كە كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەكەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وا بیر بكەیتەوە كە هاوكاریت دەكات و لە خێراییەكی دیاریكراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەت بخلیسكێت و دیاریكردنی خێراییت كار پێكردبێت، لەم كاتەدا ئۆتۆمبێلەكەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەكان زۆر زیاتر بكات.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان