ئێران چی بۆ شیعەی عێراق لە هەگبەدایە؟

:: PM:07:23:17/01/2022 ‌

لە شەوی رابردووەوە میدیاكانی عێراق چەند وێنەیەكی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیان لە نەجەف بڵاو كردەوە، ئەو جیا لە هێزەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، چاوی بە موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر كەوتووە، ئەگەرچی هەواڵەكان باسی ئەوە دەكەن نەیتوانیوە سەدر بە پێكهێنانی بەرەیەكی یەكگرتووی شیعە رازی بكات، بەتایبەتی بەشداری پێكردنی نووری مالیكی، سەركردەی دەوڵەتی یاسا لە حكوومەتی نوێی عێراق. 

بەپێی سەرچاوەكان قائانی درەنگانێكی شەوی رابردوو لە حەنانە لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبووەتەوە و باسی یەكخستنی ناوماڵی شیعەیان كردووە، سەدر بە قائانی گوتووە كە رەتی دەكاتەوە نووری مالیكی بەشێك بێت لە حكوومەتی نوێی عێراق، ئەمڕۆیش قائانی لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەتەوە و ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەدر بۆ باس كردوون.

دوور لەوەی لە میدیاكان باسی دەكرێت، كە رەنگە شتێكی تەواو جیاواز بێت لەوەی لە راستیدا هەیە، سەرچاوەكان پێیان وایە ئەگەر سەدرییەكان و هاوئاهەنگی رێك بكەون و ناوماڵی شیعە رێك بخەنەوە، هاوكێشەی سیاسی لە عێراق بەتەواوەتی دەگۆڕێت، قائانی لە عێراق داوای لە هێزەكانی ناو چوارچێوە كردووە كە لەگەڵ داواكارییەكانی سەدر نەرم بن و قبووڵی بكەن، دوای گەڕانەوەی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحیش لە هەولێر، كە ئەمڕۆ سەردانی سەرۆك بارزانی كرد، كۆبوونەوەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوە لەنێوان هێزە شیعەكان ساز دەكرێت.
عامری سێ سیناریۆی لەگەڵ سەدر باس كردووە، لەوانە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی
بەپێی سەرچاوەكان یەكێك لە سیناریۆكانی یەكخستنی ناو ماڵی شیعە ئەوەیە (33) پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتێكی نوێ پێوەندی بە هاوپەیمانی فەتحەوە بكەن، بۆیە ئەگەر كارەكە بەوشێوەیە بەڕێوە بچێت، پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بەشداری لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكەن، بۆیە ئەوكات تەواوی هاوكێشەی سیاسی دەگۆڕێت، لەوانەیش دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەوكات كێبەركێی سوننە بۆ دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان دەست پێ دەكاتەوە، بۆیە سەعاتەكانی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە بۆ دۆخی عێراق.    

شەوی رابردوو قائانی لە نەجەف سەردانی چەند مەزارێكی ئاینی كرد، لەوانە مەزاری محەمەد سەدری مەرجەعی شیعە و باوكی موقتەدا سەدر، وەك پەیامێكی سیاسی بۆ سەدر و هەوڵی رازیكردنی بە یەكبوونەوە لەگەڵ شیعەی نزیك لە ئێران، سەرچاوەكان لە نەجەف گوتیان، بەیانی ئەمڕۆ قائانی لە نەجەف چاوی بە ژمارەیەك سەركردە و سیاسەتوانی شیعە كەوتووە بۆ زانینی بۆچوونیان، چاوەڕوانیش دەكرێت بگاتە بەغدا بۆ كۆبوونەوە و دیداری زیاتر، چونكە ئێرانییەكان وای دەبینن كە ئەو سەردانەی قائانی دوایین هەلە بۆ یەكخستنی شیعە بەر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.

جیا لەوەی هەندێك لە بەرپرسانی عێراق باسی دەكەن بەوەی كۆبوونەوەكەی شەمووی سەدر و عامری لە حەنانە، كە دوور لە چاوی میدیاكان ساز كرا، هەوڵێك بووە بۆ راكێشانی هاوپەیمانی فەتح بۆ پاڵ لێكنزیكبوونەوەكەی رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و تەقەدوم و هاتنە دەرەوە لە ریزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەك بەنگین رێكانی، بەرپرسی پارتی لە تویتێك وا دەڵێت، بەوەی هاوپەیمانی فەرمانڕەوا لە سەدر و بارزانی و حەلبووسی و عامری پێك دێت، سەرچاوەكان پێیان وایە كە چوونی عامری بۆ نەجەف بە سێ پڕۆژەوە بووە، ئەوانیش بەشداریكردن و ئۆپۆزسیۆن و بایكۆتكردن، عامری بەسەدری گوتووە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی لە بەشداری هەموو هێزە سیاسییەكانی شیعە لە حكوومەتی نوێ دەكات، بێ دوورخستنەوەی هیچ لایەنێك، وەك ئاماژە بۆ نووری مالیكی و قەیس خەزعەلی. 

هەروەها عامری بە سەدری گوتووە كە لە حاڵەتی پەراوێزخستنیان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی بابەتی بایكۆتی پرۆسەی سیاسیان كردووە، هاوكات سەدر بە عامری راگەیاندووە كە بەشداریكردنی هەموو هێزە شیعەكان لە حكوومەتی نوێ رەت دەكاتەوە و ڤیتۆی لەسەر نووری مالیكی و عەسائیب و ئەو لایەنانە هەیە كە میلیشیایان هەیە. 

ئێستە دۆخەكە لەبەردەم سێ ئەگەرە، سەدر لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بێت و حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی بێ ویستی شیعەی چوارچێوە و میلیشیاكان و ئێران پێك بێنێت، یان سازش بكات و سیناریۆیەكی گونجاو دروست بكرێت و تەواوی شیعە لە حكوومەتی نوێ بەشداری بكەن، یان رێگە بە سەدر نەدرێت حكوومەت پێك بێنێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە تا ئێستە تەنیا هەڕەشەی زارەكییە كە رۆژانی سەخت چاوەڕوانی عێراق دەكەن و ئاشتەواییەكەی لە مەترسیدایە، چونكە هەدروولا رەوتی سەدر و چوارچێوەیش ئاماژە دەكەن كە هەر حكوومەتێك دوور لەوان پێك بێت، تەمەنی كورتە و لاوازە و سەركەوتوو نابێت.

ئەحمەد شەریفی، شارەزای سیاسی دەڵێت، بایكۆتكردنی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پرۆسەی سیاسی، كار لە پرۆسەی سیاسی دەكات و دەبێتە سەرەتایەك بۆ كەوتنی حكوومەتی نوێ لە ماوەیەكی كەمدا، سەدر هەست بە مەترسی بایكۆتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پرۆسەی سیاسی دەكات، بۆیە تەنیا دەیەوێ چەند كەس و لایەنێك دوور بخاتەوە، بۆیە ئەگەر رەوتی سەدر و چوارچێوە نەگەن بە رێككەوتن، تەنگژەكە قووڵ دەبێت، ئەوەیش پێویست بە نیگەرانی دەكات، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی چەكی بەڕەڵا و میلیشیاكاندا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل