حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له پاڵپشتیكردنی جووتیاران و له بڕیارێكی نوێ‌دا، ئامێری كشتوكاڵی به قه‌رز و بێ پێشه‌كی به جووتیاران ده‌دا، ئه‌مه‌ش خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه به‌و كه‌رته و جوتیارانیش هه‌نگاوه‌كه به گرنگ هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
حكوومه‌ت له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو به چه‌ند شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی جووتیارانی كردووه، له‌وانه‌ش به‌پێدانی ده‌رمانی قڕكه‌ر و بنه‌تۆ به نرخی كه‌متر له بازاڕ، جووتیاران پێیان وایه ئه‌و گرنگیدانه‌ی حكوومه‌ت، ده‌بێته هاوكاری باش بۆ زیاتر به‌رهه‌مهێنان و كشتوكاڵ.
شاڵاو جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، به ''وشه''ی راگه‌یاند، له هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه ده‌ست به تۆماركردنی ناو ده‌كه‌ن، ئه‌و جووتیارانه به‌پێی خواستی خۆیان له‌سه‌ر ئامێره‌كان، ئه‌و كۆمپانیایه ئامێره‌كان هاورده ده‌كات، تراكتۆری بچووك و گه‌وره، ده‌ڕاسه و هه‌موو جۆره‌كانی تری ئامێری كشتوكاڵی به‌رده‌ست ده‌بن و ئه‌و كۆمپانیایه له‌سه‌ر داواكاری جووتیاران، ئامێره‌كان هاورده ده‌كات.
بۆ وه‌رگرتنی ئامێره‌كان، هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له جووتیاران وه‌رناگیرێت
ئه‌و روونی كرده‌وه بۆ وه‌رگرتنی ئامێره‌كان، هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له جووتیاران وه‌رناگیرێت و كڕینه‌كه به شێوه‌ی قیست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناوتۆماركردنی جووتیاران و خواست له‌سه‌ر ئامێره‌كان كه‌م بێت، كۆمپانیاكه ئاماده نییه ئامێر هاورده بكات، چونكه له‌سه‌ر داوای جووتیار ئامێره‌كان به‌رده‌ست ده‌بن.
خه‌سره‌و جاف جووتیاری نموونه‌یی له شاره‌زوور، به ''وشه''ی راگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌ت بۆ دابینكردنی ئامێر و كه‌لوپه‌لی پێشكه‌وتووی كشتوكاڵی بۆ جووتیاران، باشترین خزمه‌ته به كه‌رتی كشتوكاڵ و جووتیاران، گرنگیدان به به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنێیه.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، خزمه‌تكردنی جووتیاران و دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و پێویستییه‌كانیان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌ت مه‌به‌ستیه‌تی جووتیاران به‌رده‌وام بن له كشتوكاڵ و به‌رهه‌مهێنان، ده‌ستخستنی ئه‌و ئامێر و كه‌لوپه‌لانه بۆ جووتیاران، بارگرانییه و پاره‌یه‌كی زۆری ده‌وێت، به‌ڵام به‌و بڕیاره نوێیه، جووتیاران ده‌توانن ببنه خاوه‌نی ئامێره‌كانی كشتوكاڵ.
له‌لایه‌كی تره‌وه بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن رێكخراوی جووتیارانی ئه‌فرێنه‌ری كوردستان، پێشوازی لێ كراوه و به گرنگی ده‌زانن و پێیان وایه، له خزمه‌تی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستاندایه و هه‌نگاوێكی باشه بۆ پاڵپشتی كه‌رتی كشتوكاڵ.
كه‌مال ره‌حیم جووتیارێكی تره و به ''وشه''ی راگه‌یاند، دوو ساڵ ده‌بێ حكوومه‌ت گرنگی به كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌دات، هاوكاری و پاڵپشتی جووتیاران ده‌كات، بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌دۆزێته‌وه و سیستمی باجی له‌سه‌ر هاورده جێبه‌جێ كردووه، ئه‌و بڕیاره نوێیه‌ش پاڵپشتییه‌كی تره بۆ جووتیاران.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌ر وڵاتێك زۆرترین گرنگی پێ ده‌درێت، ساڵانه پاره‌یه‌كی زۆری جووتیار به كرێی تراكتۆر و ده‌ڕاسه و ئامێره‌كانی تری هه‌ڵكه‌ندن و وه‌شاندن ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر جووتیار خۆی خاوه‌نی ئه‌و ئامێرانه بێت، ساڵانه پاره‌یه‌كی زۆری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌و خه‌رجییه زۆره‌ی له‌سه‌ر نابێت.
له رێی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به هاوئاهه‌نگی كه‌رتی تایبه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێت
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت كه له رێی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به هاوئاهه‌نگی كه‌رتی تایبه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئامێر و كه‌لوپه‌لی كشتوكاڵ به نرخێكی گه‌نجاو به‌شێوه‌ی قیست به‌بێ پێشه‌كی و به لێخۆشبوونی تابلۆی كشتوكاڵ و گومرگ ده‌درێت، ئه‌و جووتیارانه‌ی كه خوازیاری وه‌رگرتنی ئامێر و كه‌لوپه‌لی كشتوكاڵین، به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ناویان و پێدانی زانیاری له‌سه‌ر جۆری ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم، رۆژی 23ی ئه‌م مانگه ده‌توانن پێوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان بكه‌ن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی