دادگای عێراق دوورخستنەوەی خەمیس خەنجەری پەسند كرد

:: PM:05:56:19/01/2022 ‌

بینە و بەردەی هەڵبژاردنەكانی عێراق تەواو نابن، بەتایبەتی دوای رووداوەكانی ناو یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، كە بە تەواوەتی بە خواستی هێزە براوەكان بەڕێوە چوو، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاری رەتكردنەوەی تانەكە خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمی سوننەی دا لە بەرانبەر بڕیاری دوورخستنەوەی لە هاوپەیمانیەتییەكە.
پەرلەمانتار موسەنا عەبدولسەمەد سامەرایی بووە سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە
بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەو تانەی خەنجەریان رەت كردەوە كە لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی دابوو  كە لە 9ی ئەم مانگە دەری كردبوو بە لادانی لە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی عەزم، كە ژمارەیەك هێزی سوننەی لەخۆ گرتووە و توانیویانە 14 كورسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەدەست بێنن. 

بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەوان لەو بڕیارەیان پشتیان بە بڕیاری كۆمسیۆنی بەستووە بە دوورخستنەو و لادانی خەنجەر و دانانی موسەنا عەبدولسەمەد سامەرایی، پەرلەمانتار وەك سەرۆكی هاوپەیمانیەتییەكە، بەپێی ئەو فەرمانەی دەرچووە بڕیارەكە كۆتاییە.

شایەنی باسە دوای رێككەوتنی هەریەك لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدەم و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم بۆ تێپەڕاندنی حەلبووسی وەك نوێنەری سوننە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، لەوكاتەی بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو هاوپەیمانیەتییە بەوە رازی نەبوون و مەحموود مەشهەدانیان وەك كاندیدی عەزم خستبووە روو، بۆیە ئەوان لە خەنجەر هەلگەڕانەوە و لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سكاڵایان پێشكەیش كرد و كۆمسیۆنیش بڕیاری لادانی خەنجەری دا.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل