پلانی رووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا چییە؟

:: PM:07:13:19/01/2022 ‌

شەڕی وڵاتانی زلهێز و خاوەنی نوێترین چەكی كۆمەڵكوژ و ئەتۆمی جیاوازە، هەر شەڕێك ئەمەریكا و رووسیای تیادا بێت، بەتایبەتی راستەوخۆ وەك نەیاری یەكتر بەشداری تیادا بكەن، ئەوەندە ئاسان نابێ و كاولكارییەكەی رەنگدانەوەی بەسەر تەواوی دنیادا دەبێت و هەڕەشە دەخاتە سەر مانەوەی مرۆڤایەتی، خەریكە لە ئۆكرانیا ئەوە روودەدات و هەردوولا بە هەڕەشە و گوڕەشە شمشێر بۆ یەكتر ئامادە دەكەن و دەهۆڵی شەڕ دەنگی دێت.

وڵاتان لەوانەی ئەزموونیان هەیە، بەتایبەتی رووسیا و ئەمەریكا و ئەوروپا، باش دەزانن كە كارەسات و نەهامەتییەكانی شەڕ چییە، بەتایبەتی لە سایەی ئەزموونی ئەوان لە دوو جەنگی پێشووی جیهانی و زانیاری هەواڵگریان لەسەر توانای سەربازی و چەكی یەكتر، بۆیە رەنگە ئەوەی لە ئۆكرانیا روو دەدات تەنیا هەڕەشەیەك بێت بۆ مەبەستی گوشار، بەڵام ئەگەر جەنگ رووی دا، سیناریۆكانی داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن رووسیاوە چین.

ئەمەریكا دەڵێت كە ئەگەری هەیە رووسیا لە هەر كاتێكدا هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیا، بۆیە بەرپرسانی ئەمەریكی ئاستی بوونی هەڕەشەیان بەرز كردەوە و ئاماژەیان كرد كە ئەو تەنگژەی بەهێواشی گەشە دەكات، گەیشتووەتە قۆناغێكی نوێی مەترسیدار، ئەو لێدوانانەیش بەر لە كۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایە لەگەڵ هاوتا بەریتانی و فڕەنسی و ئەڵمانییەكەی لە بەرلین، دوای ئەوەیش كۆبوونەوەی لەگەڵ سێرجی لاڤرۆڤی هاوتا رووسییەكەی لە جنێڤ هەینی داهاتوو.

كێشەی رووسیا و ئۆكرانیا ئەوكاتە دەستی پێ كرد كە ئۆكرانییەكان سەرۆكی ئەو وڵاتەی سەر بە رووسیایان لێ خست، ئەوەیش وای كرد لە 2014 رووسیا نیوچە دوورگەی قرمیا داگیر بكات و جیاخوازانی ئۆكرانی سەر بە رووسیایش كۆنترۆلی بەشی زۆری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیان كرد، ئێستەیش ئەگەرچی رووسیا نكووڵی لەوە دەكات نیازی داگیركردنی ئەو وڵاتەی هەبێت، بەڵام هێزێكی گەورەی لە سنوورەكانی ئەو وڵاتە كۆ كردووەتەوە، كە كەوتووەتە سەر سنوورەكانی رووسیا و یەكێتی ئەوروپا.
رووسیا دەتوانێت تەنیا لە رێگەی 30 كەتیبەی "BTG"، دوو لە سێ وڵاتی سەر دەریای بەلتیك داگیر بكات
ئێستە رووسیا زیاتر لە 100 هەزار سەرباز و چەكی پێشكەوتووی لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا كۆ كردووەتەوە، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیایش بە بەردەوام هەڕەشەی داگیركردنی ئەو وڵاتە دەكات، رووسیا چەكی پێشكەوتووی هێرشبردنی وەك تانك و تۆپ و سیستمی مووشەكی بالیستی و جۆراوجۆری بردووەتە سنوورەكانی لەگەڵ ئۆكرانیا، وەك سەرەتای ئەم هێرشەیش، هێرشی سیبرانی بە كردەنی دەستی پێ كردووە، كاتێك 70 پێگەی حكوومەتی ئۆكرانیا رووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی هەواڵگریی رووسیا بوونەتەوە. 

تا ئێستە بەروونی دیار نییە كە پووتین بڕیاری جەنگی داوە یان تەنیا گوشار دەخاتە سەر رۆژئاوا بۆ سازشكردن، گۆڤاری " Economist "ی بەریتانی ئاماژە بۆ سیناریۆكانی هێرشی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەكات و وەك خوارەوە باسیان دەكات:

*شارەزا و شرۆڤەكارانی رۆژئاوا ئاماژە دەكەن كە یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە رووسیا وەك چوار ساڵی رابردوو بە نهێنی ئەنجامی داوە، هێز رەوانەی دۆنتیسك و لوهانسنك بكات، واتە ناوچە جیاخوازییەكان لە هەرێمی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، ئەوەیش بە مەبەستی فرەوانكردنی سنوورەكانی بەرەو رۆژئاوا یان دداننان بەوان وەك دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لە ئۆكرانیا، وەك ئەوەی رووسیا دوای رەوانەكردنی هێز بۆ ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشوور، كە دوو ناوچەی جۆرجیان لە 2008 ئەنجامی دا.  

*دووەم سیناریۆ كە لە ساڵانی دوایی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی رۆژئاوا تاوتوێ كراوە، رووسیا هەوڵی دامەزراندنی پردێكی زەوینی بەرەو نیوچە دوورگەی قرمیا دەدات كە لە 2014 دەستی بەسەردا گرتووە، ئەوەیش پێویست بەوە دەكات دەست بەسەر 300 كیلۆمەتر لە خاكی ئۆكرانیا بگرێت بەدرێژایی دەریای ئازۆڤ.

ئەو هەنگاوەیش دەبێتە هۆی فرەوانبوونی دەسەڵاتی رووسیا لە ناوچەی نۆڤۆ رووسیا، واتە رووسیای نوێ، كە بەشێكی مێژوویی ئیمپراتۆریەتی رووسیایە بەدرێژایی دەریای رەش، بەوەیش كێشەی كەمی ئاو لە نیوچە دوورگەی قرمیا سووك دەكات. رەنگە ئەوەندە هێزەی رووسیا ئێستە كۆی كردووەتەوە بەشی ئەو كارە بكات، بەڵام ناتوانێت رێگری لە ئۆكرانیا بكات لە چوونە ناو هاوپەیمانی ناتۆ یان هاریكاری لەگەڵ هاوپەیمانیەتییەكە یان ملكەچكردن بۆ پوتین.

*سێیەم سیناریۆ گۆڕینی حكوومەتی كییڤە بە زەبری هێز لە دوای كۆنترۆلكردنی پایەتەختەكەی، وەك چۆن ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراق كردی.

*سیناریۆیەكی تر رەنگە رووسیا زیانی گەورە بە ئۆكرانیا بگەیەنێت، وەك لەناوبردنی سوپاكەی و ژێرخانی ستراتیجییەكەی، یان گرتنی رووبەری گەورە لە خاكەكەی، تا كاتی رازیبوونی سەركردەكانی بە بڕینی پێوەندیان لەگەڵ رۆژئاوا، بەوەیش رێگری لە چوونی دەكات بۆ ناو ناتۆ، بەڵام هەموو ئەو سیناریۆیانەیش پێویستیان بە جەنگێكی گەورە هەیە.

*پێنجەم سیناریۆ بەكارهێنانی چەكی رووبەڕووبوونەوەیە بێ بوونی هێز لەسەر زەوی، واتە هەمان شێوازی ناتۆ لە جەنگی ئاسمانی لە دژی سربیا لە 1999، ئەوكات هێرشە ئاسمانییەكان وێرانكاری گەورە دروست دەكەن و رووسیایش دەتوانێت نوێترین چەكەكانی بەكاربێنێت، جیا لە هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر ژێرخانی ئۆكرانیا، وەك پەككخستنی تۆڕەكانی كارەبای وڵات لە 2015 و 2016. رەنگە ئەو شێوازەی جەنگ زیانەكانی مۆسكۆ كەمتر بكاتەوە، وەك گوشارێكی بەردەوامیش لە داهاتوو بەكاری بێنێت بۆ سەپاندنی ویستی خۆی. 

بەپێی گۆڤاری ئیكۆنۆمیست رووسیا داتای ئەو هەموو سیناریۆ یانەی بەدەستەوەیە، بەپێی توێژینەوەیەك لە 2016 كراوە، رووسیا توانای ئەوەی هەیە لە رێگەی 30 لە كەتیبەكانی "BTG"، سەر بە سوپای ئەو وڵاتەن و هەریەكەیان لە هەزار سەرباز پێك هاتوون، دوو لە سێ وڵاتی دەریای بەلتیك داگیر بكات، كەچی ئێستە چەندان هێندی ئەو ژمارەی لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا كۆ كردووەتەوە، رەنگە رووسیا بیر لە هێرشێكی بەپەلە و قووڵ لە بەرەیەكی تەسك بكاتەوە وەك چۆن ئەمەریكا لە 2003 عێراقی داگیر كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل