ساڵ دوای ساڵ گۆڕانكاری بەسەر كەشوهەواو و ژینگەی زەویدا دێت، ئەوەیش كاریگەریی جیاوازی بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی هەیە، لەگەڵ گەورەبوونی ئەو كاریگەرییانە، كە زیانی گەورەی گیانی و ئابووری دروست دەكەن، وڵاتانی پێشكەوتوو و بەهێز پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانكارییانە دا دەنێن.
شارەزایەكی كەشوهەوا و رووداوە سروشتییەكان و بوومەلەرزە رای دەگەیەنێت كە هەموو گۆڕانكارییەكی ژینگەیی و كەشوهەوا لە دنیا، كاریگەری لە سەر عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە دەبێت كار بۆ دابینكردنی كەرەستەی رووبەڕووبوونەوەی رووداوە سروشتییەكان بكرێت و هەموو رێكارە نیودەوڵەتییەكان پێڕەو بكرێت بۆ پێشگرتن لەهەر حاڵەتێكی نائاسایی كە روو بدات بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە دنیا.
ئەمڕۆ چوارشەم 19ی كانوونی دووەم، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای كەشوهەوا و بوومەلەرزە بە"وشە"ی گوت، هەموو گۆڕانكارییەكی ژینگەیی و كەشوهەوا لە دنیا كە روو دەدەن، كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێم هەموو رێكارە نیودەوڵەتییەكان پێڕەو بكات و بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی ناسروشتی كە روو بدات، بە تەواوی لە رووری دابینكردنی پێداویستی و كەلوپەلی فریاگوزارییەكان بۆ حاڵەتە لەناكاوەكان خۆی تۆكمە بكات.
شەپۆلەكە تا كۆتای ئەم مانگە بەردەوام دەبێت
زیاتر گوتی، سەرەكیترین هۆكاری گۆڕانكاریی كەشوهەوا بۆ زیادبوونی دەردانی دووانەئۆكسیدی كاربۆن و گازە گەرمكەرەكانی تر دەگەڕێتەوە، لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە ئەو گازانە گەرمی قەتیس دەكەن لە بەرگە هەوای نزیكی زەوی و زەوی زیاتر گەرم دادێنن، بەڵام لە ساڵی 1980 بەدواوە، گەرمبوونی زەوی خێراتر بووە.
"لەبارەی ئەم شەپۆلە بەفر و سەرما و كڕێوەی ئێستەی كوردستان، تا رادەیەك دەتوانین بڵیین ئاساییە، ئەگەرچی چەندان ساڵە شەپۆلی ئاوا چڕ و سەخت رووی لە هەرێم نەكردووە، بەڵام دیاردەی "لا نینیا"، كە حاڵەتێكە ئاو لە بەشی ناوەندی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمندا سارد دەبێتەوە لە حاڵەتی ئاسایی خۆی، كاریگەریی هەبووە لە دروستبوونی ئەم شەپۆلەی بەفر و باران، تا كۆتای ئەم مانگەیش شەپۆلەكە بەردەوام دەبێت" پشتیوان ئیبراهیم وای گوت.
ئەو شارەزایە روونی كردەوە، "لانینیا"، سێ بۆ حەوت ساڵ جارێك روو دەدات و پلەی گەرمی ئاوی دەریا سارد دەبێتەوە، ئەم دیاردەیە لە ئەنجامی ساردتربوونی رووی زەریاكان لە بەشی رۆژهەڵاتی زەریایی هێمن روو دەدات، ئێستەیش ئەم دیاردە، بەرەو لاوازی دەڕوات، بۆیە كەشوهەوا چووەتە باری ئاسایی خۆیی و شەپۆلی چڕی باران و بەفر و سەرما دروست دەبێت.
ئیبراهیم زیاتر روونی دەكاتەوە، ساڵی 2020 هاوتا بوو لەگەڵ دیاردەی لانینیا لە زەریاكان، لانینیا كاریگەری هەیە لەسەر پشتێنەكانی دابارین لەسەر زەویدا، كە مرۆڤ بێ دەسەڵات و دەستەوستانە لە ئاستیدا، لە ئەنجامدا بەهۆی دیاردەكەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باشووری ئەمەریكای باشوور و ئەمەریكای باكور، دووچاری كەمبارانی بوون، ساڵی پاریش لە هەرێمی كوردستان دووچاری وشكەساڵی بووین، لە ئەنجامی وشكەساڵیشدا بوومەلەرزە دروست دەبێت و دواتر بەهۆی بارانبارینەوە پلێتەكان ئاوی پێ دەگات و دووبارە دەبێتەوە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزە.
لە كۆتادا ئەو شارەزایەی كەشوهەوا دووپاتی كردەوە، بۆ خۆئامادەكردن و رووبەڕووبوونەوەی هەموو حاڵەتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و دروستبوونی رووداوە سروشتییەكان، دەبێت هەمووان كار لەسەر پاكڕاگرتنی ژینگە و كەشوهەوا بكەن، گرنگی بە بەنداو و گلدانەوەی ئاو و بدرێت بۆ نەهێشتنی وشكەساڵی، هەروەها هەموو كەلوپەل و پێداویستی حاڵەتە لەناكاوەكانی لافاو و ئاگركەوتنەوە و بوومەلەرزە و بەفربارین و زریان و رەشەبای بەهێزیش دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لێی دەربچین.
شارەزوور/ ئاسان محەمەد