لێخۆشبوونی قەرزی ئاو درێژ كرایەوە

:: AM:11:55:20/01/2022 ‌
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ قەرزی ئاوی هاووڵاتییان مانگێك و 10 ڕۆژ ماوە تا قەرزەكانیان بدەنەوە و لێخۆشبوونیان بۆ بكرێ‌. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی كانوونی دووەم، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو تا كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی، ئێستە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاویش لە سەرجەم شار و شارۆكەكان، هەموو جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەك بۆ هاووڵاتییان دەكەن تا بتوانن لەو بڕیارەی حكوومەت سوودمەندبن.

باسی لەوەش كرد، داوا لە هاووڵاتییان و هاوبەشانی ئاو دەكەن لە هەموو سێكتەرەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانی و پیشەسازی و هەموو ئەوانەی قەرزی ئاویان لایە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی كوردستان بكەن و لەو بڕیارە گرنگەی حكوومەت سوودمەندبن.

لەبارەی هاوكاری و كارئاسانی فەرمانگەكانی ئاویش بۆ هاووڵاتییان گوتی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەانسەری هەرێمی كوردستان، هەموو ئاسانكارییەك بۆ هاوبەشانی ئاو دەكرێت و یارمەتی دەدرێن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە و ڕاییكردنی مامەڵەكانیان كە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی  ئاودایە.

ئەوەشی گوت، تا 28ـی شوباتی ئەمساڵ ئەو بڕیارە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو ئەو هاوبەشانەی ئاو دەكەین كە قەرزیان لایە، بەزوویی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن، تا وادەكە ماوە بۆ ئەوەی لەو لێخۆشبوونە سوودمەندبن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، چەندان بڕیاری بۆ قەرزی ئاو دەركردووە، ئێستە هەر ماڵێك لە كوردستان چەند ئاو بەكار بهێنێت، زیاتر لە 45 هەزار دیناری لێ وەرناگیرێت.



وشە - رامیار جەواد