شەوی 20ی کانوونی دووەم سه‌عات 11، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە له ڕاگهیانراوێكى په‌له‌دا ڕای گەیاند، پشێوی لە گرتووخانەیەکی شاری حەسەکە دروست بووە کە سه‌دان ئەندامی داعش تێیدا زیندان كراون، دواتر بڵاوكرایه‌وه داعش كۆنتڕۆڵى گرتووخانەكهى كردووه و پێنتاگۆنیش هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ى داوه.
ئه‌مڕۆ جۆن کێربی گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "هەندێک هێرشی ئاسمانیمان بۆ پاڵپشتی هەسەدە ئەنجام دا، کاتێک چه‌كدارانى هه‌سه‌دە ڕووبەڕووی دۆخێکی تایبەتی هەڵاتن لە زیندان بوونەوە".
ئەمڕۆ هەینی 21ی کانوونی دووەم، هێزەکانى سووریای دیموکراتیش له ڕاگه‌یانراوى دووه‌مدا ئاشكراى كرد، "دۆخی دەوروبەری گرتووخانەی حەسەکە و گەڕەکەکانی نزیکی هێشتا نائاساییە، لە دوای هێرشەکەی ئەمدواییەی شانەکانی داعش بۆ سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەکە".
زیاتر ڕوون كرابوویه‌وه، "شانەکانی داعش لە گەڕەکی زههوور و هەندێک ناوچەی دەوروبەری له باکورەوە، خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن. هەندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن چەند کەسێکی سڤیلیان کوشتووە، به‌تایبه‌ت ئەوانەی ئامادە نەبوون فەرمانەکانی ئەو شانانەی تیرۆرستان جێبەجێ بکەن و ئامادەنەبوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بچنە ناوچەی تر".
ڕووداوه‌كه چۆن ڕووى دا؟
چه‌ند چه‌كدارێكى داعش، شەوی 20ی کانوونی دووەم سه‌عات 11، لە حەسەکە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گرتووخانەی گوێران ده‌ته‌قێننه‌وه، ئەندامانی داعش‌یش لەناو گرتووخانەکەوە دەستیان بە یاخیبوون کردووه و هەوڵی هەڵاتنیان داوه و ڕووبه‌ڕووى سه‌ربازه‌كانى پاسەوانیان بوونه‌ته‌وه، دواتر شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ته‌ناهییه‌کانی هەسەدە و شانە نووستووەکانی داعش لە گەڕەکەکانی دەرەوەی گرتووخانەکە دروست بوو.
به‌پێى زانیارییه‌كانى ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، تا ئێسته‌یش ڕه‌وشی ده‌وروبه‌ری گرتووخانەی گوێران ئاڵۆزه و شه‌ڕ له ده‌وروبه‌ری له نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و ئاسایشی ڕۆژئاوا به‌رده‌وامه.
هێزەکانی سووریای دیموکرات تا سه‌عات نۆى ئه‌مشه‌و توانیوویانه 89 گیراوی داعش لە دەوروبەری زیندانه‌كه بگرنەوە و پێنج چەکداری داعشیشیان کوشتووە، کە یەکێکیان چینییە.