دەیان هەلی كار بۆ گەنجانی ئیدارەی سۆران دەڕەخسێندرێت

:: PM:10:44:25/01/2022 ‌

بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی و ئەو تەنگژانەی بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هاتووە، دامەزراندنی لە كەرتی گشتی وەستاوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەوڵی رەخساندنی زۆرترین هەلی كار بۆ هاووڵاتییان بەتایبەتی گەنجان دەدرێت، كاتێك حكوومەتی هەرێم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت پلان و ئامادەكاری بۆ ئەم مەبەستە كردووە .
لەكاتی دەرهێنان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی گەشتیاری دەبێت 30%ی كارمەند و كرێكاران خەڵكی ئەو دەڤەرە بن
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بە ئامانجی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار و گەنجانی سنوورەكەمان، لە دەرهێنانی هەر مۆڵەتێكی گەشتیاری یان نوێكردنەوەی مۆڵەتی شوێنەكان، دەبێت 30%ی كارمەند و ئەو كەسانەی كاری تێدا دەكەن گەنج و دەرچووانی بەشی گەشتوگوزاری خەڵكی ئەو دەڤەرە بن  .

روونی كردەوە، لە سنووری هەر چوار شارۆكەی ئیدارەی سۆران، لە سەرووی 1500 كەس هەلی كاریان بۆ رەخساوە، چەند پڕۆژەیەكی تری گەشتیاری لە سنوورەكەمان جێبەجێ دەكرێن، بەتایبەت پڕۆژەی گەشتیاری چیای حەسەن بەگ كە هەلی كار بۆ سەتان كەس دەڕەخسێت .

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ئاماژەی كرد، لە پلانماندایە لە داهاتوویەكی نزیك خولێكی بەهێزكردنی توانای مرۆیی بۆ دەرچووانی بەشەكانی گەشتوگوزار بكەینەوە، ئەوەیش تا ئامەدەییان تێدا بێت بۆ ئەوەی لەكاتی كاركرن بەشێوەیەكی باش خزمەت بكەن، بەتایبەتی كە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی سۆران گەشتیارێكی زۆر زستانە و هاوینە روو لە دەڤەرەكەمان دەكەن، بەوەیش خەڵكێكی زۆر كاریان بۆ دەڕەخسێت .

 شارۆكەی سۆران ماوەیەكە بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، بە دووری 110 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە،  هەشت هۆتیل و چەندان مۆتیلی هەیە، چەندان خانووی گەشتیاری و سێ كۆمەڵگەی گەشتیاری لە دەڤەرەكە هەن، بەگشتی زیاتر لە دوو هەزار و 500 كەس دەتوانن لە هۆتێل و مۆتێلەكانی دەڤەری سۆران لە یەك شەودا بمێننەوە .

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل