بارسێلۆنا به‌ دوای یاریزانی هه‌رزان و خۆڕاییدا ده‌گه‌ڕێت

:: PM:01:10:26/01/2022 ‌
راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی له‌ ئیتالیا ئاشكرای كرد، یانه‌ی بارسێلۆنا گرێبه‌ستی یاریزانێكی ئه‌فریقایی یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هاوینی داهاتوو پێوه‌ندیی به‌ یانه‌كه‌وه‌ ده‌كات.

بارسێلۆنا له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م یاریزانانه‌یه‌، كه‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ گرێبه‌سته‌كانیان كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی بارودۆخی خراپی دارایی یانه‌كه‌.

ماڵپه‌ڕی فوتبۆڵ ئیتالیا بڵاوی كرده‌وه‌، بارسێلۆنا رێککەوتنی لەگەڵ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی كۆت دیڤوار و یانه‌ی میلان "فڕانک کیسێ" تەواو کردووە، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو لە گواستنەوەیەکی بێ بەرانبەردا روو بكات بارسا.

لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەکەی کیسێ لەگەڵ میلان كۆتایی دێت و هێشته‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی بۆ گرێبه‌ستێكی نوێ رێكنه‌كه‌وتووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: بارسێلۆنا توانی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و یانانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كیسێیان ده‌دا، له‌وانه‌ یانه‌كانی تۆتێنهام، پاریس سانجێرمان، مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول و ئارسیناڵ.

بە پێی زانیاریی سه‌رچاوه‌كه‌، تا ئێسته‌ کیسێ هیچ گرێبەستێکی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا واژوو نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئێسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی لە جامی وڵاتانی ئەفریقا به‌شداره‌، بەڵام بارسا لەگەڵ بریكاری یاریزانه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك رێككه‌وتووه‌.





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا