شەش نیشانە دەریدەخەن نۆزڵ گیراوە

:: PM:10:13:02/05/2022 ‌

پرژێنەرەکان یان بەشێوەزاری بازاڕی ''نۆزڵ'' بەشێكی سەرەكی لە سیستمی پرژاندنی سووتەمەنی ئۆتۆمبێل پێكدەهێنێت، كە ڕۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە تەواو ئیشكردنی بزوێنەر و گاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر هێشتنەوەی هێز و توانای بزوێنەر وەك خۆی، بەڵام لە حاڵەتی گیران یان خراپبوونی ئەو نۆزڵانە بزوێنەر مت دەبێ.

لەمبارەیەوە ئیدریس عوسمان ئەندازیاری میکانیکی ئۆتۆمبێل، بۆ ''وشە''ی ئاشکرا کرد، نۆزڵ بەگشتی پێكهاتووە لە زمانەیەكی ڤاڵڤێكی كارەبایی كە پەرپرسە لە كردنە ژوورەوە و پرژاندنی بڕی پێویستی سووتەمەنی بۆ ژووری سووتانی بزوێنەر ''سلندەر''، بڕی ناردنی سووتەمەنی لە رێگای عەقڵی ئۆتۆمبێلەوە دیاری دەكرێ و ئەمەش بە ڕێكخستنی ماوەی كرانەوەی نۆزل دەبێت، تا ماوەیەكی زۆرتر بكرێتەوە ئەوا بڕێكی زیاتری سووتەمەنی دەڕژێتە سەر پستۆنەكان و ژووری سووتانەوە.

ئەم شارەزایە شەش نیشانەی خراپبوونی نۆزڵ دەخاتە ڕوو

''بەشێوەیەکی گشتی شەش نیشانە هەن کە دەریدەخەن نۆزڵەکان لەکار کەوتوون یان گیراون'' ئیدریس وای گوت و نیشانەکانیش بە خاڵ دەخاتە ڕوو:

یەکەم: کەمبوونەوەی هێزی بزوێنەر بەگشتی ''متبوونی ئۆتۆمبێل''.

دووەم: زیاد خەرجکردنی سووتەمەنی.

سێیەم: ناجێگیری ئۆتۆمبێل لە سلۆریدا.

چوارەم: لەرزین و بڕینی ئۆتۆمبێل ''تاک ئیشکردنی بزوێنەر''.

پێنجەم: درەنگ یان هەڵنەبوونی ئۆتۆمبێل.

شەشەم: هەستکردن بە بۆنی بەنزین لە گزۆس و ناوەوەی ئۆتۆمبێل.

ئەمانەی ئاماژەمان پێی دا هەموویان کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر بزوێنەر و نیشانەن بۆ بوونی کێشە لە نۆزڵدا، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێویستە چارەسەری نۆزڵ بکرێت بۆ گەرانەوەی دۆخی بزوێنەر بۆ پێشووی خۆی.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان