ئێستە زۆنی سەوزی یەكێتی بەتەواوەتی لە تەنگژەی قووڵی جیاجیادایە، بەتایبەتی لاوازیی دەسەڵاتی یاسا و فەرمانگە تەناهییەكان، جیا لە تەنگژەی نەمانی پارە لە بانكەكان و دواكەوتنی مووچە و خراپیی خزمەتگوزارییەكان، تا وای لێ هاتووە خەڵكی بپرسن كوا حكوومەت؟، لە ماوەی دواییدا كێشەیەك لە نێوان گوتەبێژی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی و كارمەندانی بازگەی كۆیە دروست بوو، بابەتەكە بەوە كۆتایی هات ئەو كارمەندانەی كارگێڕ مەڵبەندەكەیان راگرت هەمویان گیران.
لە ماوەی دوایی مەحموود خۆشناو، گوتەبێژی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی لەلایەن ئاسایشەكانی بازگەی كۆیە لێی دەدرێ بەپێی زانیارییەكان ئەو وێنەی شەهیدێكی گرتووە، ئاسایشی بازگەكەیش هێرشیان كردووەتە سەر و لێیان داوە، ئەوەیش وای كرد لە پۆستێكی فەیسبوك بنووسێت، ئەوەی لە بازگەی كۆیە یەكێتی بەسەر من و ماڵباتەكەمیان هێنا، لە بازگەی بەعس بەسەر هیچ كەسێكیاندا نەهێناوە، هەرچەندە دواتر لە ژێر گوشار پۆستەكەی سڕیەو، لەوكاتەی لە ماوەی رابردوو خەڵكی زۆر لە مامەڵەكردنی كارمەندانی بازگەكە نیگەرانیان دەربڕیووە كە توانای ئیدارەدانی بازگەكەیان نییە.
لە راگەیندراوێكی بنەماڵەی كارمەندە گیراوەكانی ئاسایشی بازگەی كۆیە بڵاو كراوتەوە و ئاراستەی سەرانی یەكێتی و رای گشتیان كردووە، باسی راستی رووداوەكە دەكەن كە كەسێك بەناوی مەحموود خۆشناو وێنەی شەهیدێكی لە بازگەكە گرتووە، كە وێنەگرتن لە بازگەكانی ئاسایش قەدەغەیە، هەروەها داوای وەستانیان لێی كردووە، ئەویش نەوەستاوە و لە بازگەكەی داوە و قسەی ناشیرینی كردووە و بەو هۆیەوە دەیوەستێنن و لێی دەدەن.
زیاتر هاتووە، دوای رووداوەكە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بازگەكانی ئاسایشی رۆژهەڵات و هەموو كارمەندانی ئاسایشی بازگەی كۆیە دەگیرێن و تا ئێستە گیراون، دواتر بۆمان روون بووەوە كە ئەو كەسەی رەفتارە ناشیرینەكەی كردووە، كۆنە فیدائی سەدامە و لە ریزەكانی سوپای سەڵاحەدینی ئەیووبی و كوڕی كابرایەكی جاش و خۆفرۆش بووە و لە هەشتاكان پێشمەرگەی بە گرتن داوە، لە 1991 لە ترسی پێشمەرگە بنەماڵەكەیان بۆ باشووری عێراق هەڵاتوون، بۆیە داوا دەكەین بە زووترین كات كەسوكارمان ئازاد بكرێن، ئەگەر بەپێی یاسا كارپێكراوەكان كار دەكەن، ئەگەر نا بە عەشایەری ئەو بابەتە چارەسەر دەكەین.