"پارتی دەستی بە كاندیدی سەركۆمارەوە گرتووە و دەستبەرداری پۆستەكە نابێت"

:: PM:09:50:12/05/2022 ‌

دوای حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دۆخی سیاسی و پرۆسەی سیاسی لە عێراق گەیشتووەتە داخران و تەنگژە، ئێستە لەسەر گۆڕەپانەكەدا سێ بەرە هەن، هاوپەیمانی سێ قۆڵی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەربەخۆكان، كە هەموویان دەستپێشخەریان هەیە و ئەگەری چارەسەریش دوورە، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گەشبینی بە چارەسەربوونی دۆخەكە پێشان دەدات.

شەریف سلێمان، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، تا ئێستە دەستپێشخەری و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەردەوامە، بەڵام رەتكردنەوە و قبووڵكردنی تەواوەتی نییە، بۆیە ئێستە گفتوگۆ لەبارەی دەستپێشخەریەكانی خراونەتە روو دەكرێت. 

روونی كردەوە، تا ئێستە نەگەیشتوینەتە سەر رێڕەوی راستەقینەی تێپەڕاندنی سەختییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە رووی گفتوگۆ كراوەیە و باوەڕیشی بەو چارەسەری داخرانی سیاسی هەیە، ئەوە تا ئەوكاتەی گفتوگۆ بێ بوونی ناكۆكی بەردەوامە.

ئەگەرچی كێشە سەرەكییەكە پۆستی سەرۆكی حكوومەتە كە لە بەشی شیعەیە، بەڵام پۆستی سەركۆماریش لە نێوان یەكێتی و پارتیدا ناكۆكی لەسەرە، كاتێك یەكێتی بە هی خۆی دەزانێ و بۆ رێككەوتن ئامادە نییە بەرهەم ساڵح پاشەكشە پێ ناكات، سلێمان دووپاتی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق گرتووە و دەستبەرداری پۆستەكە نابێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل