بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەری زانكۆی سلێمانی لە گردبوونەوەیەكدا رایان گەیاند، ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، چونكە دڵنیایی نییە لە مووچەی مانگەكانی تر، نەك وەك مانگی ئاداری بەسەر بێت.
ماوەی یەك مانگە مامۆستایانی سلێمانی خۆپێشاندان دژی دزینی مووچەكانیان دەكەن، بەهۆی زۆربوونی گوشارەكانیش، ڕۆژی پێنجشەمی رابردووش یەكێتی پارەكانی گەڕاندەوە بۆ مووچەخۆران، ئێستە جارێكی تر مامۆستا و فەرمانبەران بڕوایان بە دۆخی سلێمانی نییە و داوای دڵنیایی دەكەن.
ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئایار، بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی، دەستیان بە خۆپێشاندان كردەوە و رایان گەیاند، دۆخی سلێمانی لە دابەشكردنی مووچەدا جێی متمانە نییە، بۆیە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەكانمان بەردەوام دەبین و بایكۆتی چوونە هۆڵەكانی خوێندن دەكەین.
ئەو مامۆستایانە باسیان لەوەش كرد، داواكاریی ئێمە هەر مووچە نییە، بەڵكو گەڕانەوەی شكۆیە بۆ ناوەندەكانی خوێندن، پلە بەرزكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی زانكۆكانە، بۆیە دەرگای زانكۆ بەڕووی خوێندن و تاقیكردنەوەكان ناكەینەوە تا وەڵاممان دەدرێینەوە و دڵنیا دەبین لەوەی چارەنووسی مووچەی مانگەكانی ترمان وەك مانگی ئاداری لێ نایەت.
لە مووچەی مانگی ئاداردا بەهۆی تاڵانكردنی بانكەكانی سلێمانی، كێشە بۆ بەشێكی مووچەخۆرانی سلێمانی دروست بوو، ئەوەیش وایكرد بۆ ماوەی مانگێك دابەشكردنی مووچە دوا بكەوێت، دواتر بەهۆی گوشار لەسەر یەكێتی، پارەكان گەڕێنرانەوە بۆ بانك و مووچەكان دابەش كران.