هەڵوێستی رەوتی سەدر بەرانبەر بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ چییە؟

:: PM:06:55:15/05/2022 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراكی هەڵوەشاندەوە، كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لەبری یاسای بودجە و تا پێكهێنانی حكوومەتی نوێ پێشنیاز كرابوو، لە بەرانبەر بڕیاری دادگاكە سەرۆكی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق ئەمانەتە و پارێزگاری لێ دەكەن.

حەسەن عەزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم لە تویتێكدا نووسیویەتی، بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق و رۆز و رۆزیان ئەمانەتە لە ئەستۆی ئێمەدا، بۆیە بە هەموو رێگەیەكی یاسایی و یاسادانان كار بۆ مسۆگەركردنی و بەرگریكری لێ دەكەین. 

پێوەست بە بڕیارەكە، فازڵ مەوات كەسار، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەوتی یاسا گوتی، بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵ دەبێتە هۆی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی سێقۆڵی، هاوپەیمانیەتییەكە پشتی بە پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراك دەبەست وەك بەدیلی بودجە، بۆیە پەلەی نەبوو لە پێكهێنانی حكوومەتدا.

روونی كردەوە، ئێستەیش دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ، هاوپەیمانی سێ قۆڵی كەوتووەتە گۆشەیەكی تەسكەوە و پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بووەتە بابەتێكی زۆر پێویست، هاوپەیمانیەتییەكەیش ناتوانێت بێ كرانەوە بە رووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی حكوومەت پێك بێنێت، كە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی خاوەنی 145 كورسی پەرلەمانە، بۆیە رۆژانی داهاتوو دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هاوەپەیمانی سێ قۆڵی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە رێگەیەكی دروست دەبینین.  


هەر لەو بارەوە حەیدەر عامری، پەرلەمانتاری رەوتی سەدر گوتی، وڵاتێكی بێ بودجە و یاسایەكی پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراك نایانەوێ تێپەڕ بێت، حكوومەتێكی كەم دەسەڵات و بوونی گەندەڵكاران لە پۆستی باڵا كە حكوومەت ناتوانێت ئێستە لایان بدات، دەشیانەوێ وڵات بەرەو سازان بچێت، بۆیە هەرگیز بۆ تێكەڵەی عەتار ناگەڕێینەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ تەوافوقی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل