عێراق.. هیچ چارەسەرێك نەما جگە پێكهێنانی حكوومەت

:: PM:09:38:15/05/2022 ‌

ئەمڕۆ سێ گۆڕانكاری لە دۆخی چەقبەستووی عێراقدا روویان دا، دادگای فیدراڵ پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراكی هەڵوەشاندنەوە، سەربەخۆكانی پەرلەمانی عێراق دەستپێشخەری خۆیان خستە روو، موقتەدا سەدر بۆ مانگێك ئۆپۆزسیۆنبوونی نیشتمانی راگەیاند، پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی كردەوە، هیچ چارەسەرێكی تر نەما جگە لە پێكهێنانی حكوومەت.

 مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ بە رێگرتن لە دەركردنی یاسای ئاسایشی خۆراك لەلایەن پەرلەمانەوە و دیاریكردنی دەسەڵاتی حكوومەتی كاربەڕێكەری ئێستە، هیچ چارەسەرێك نەما جگە لە پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی خاوەن دەسەڵاتی تەواو.

زیاتر گوتی، پێشتر دادگاكە بڕیاری دابوو رێگری لە پەرلەمان كردبوو لە پێشنیازكردن و رەوانەكردنی پڕۆژە یاسا، بەتایبەتی ئەوانەی باسی پارەیان تیادایە، ئەمڕۆیش بڕیاری لە دژی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك دا و سبەی تانە لە یاسای بودجە یان هەر یاسایەكی تر دەدات، ئەگەر پێشنیاز بكرێت، بۆیە هیچ چارەسەرێكمان لەپێش نییە تەنیا بە هاتنی حكوومەتێكی خاوەن دەسەڵاتێكی تەواو نەبێت، بۆ رەوانەكردنی یاساكان بۆ پەرلەمان.

دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رێزگرتنی لە بڕیارەكانی دادگاكە راگەیاند و گوتی، ئەو پڕۆژەیاسایەمان بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە دنیا پێشكەیش پەرلەمان كرد، بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و فەراهەمكردنی سەبەتەی خۆراك و دابینكردنی پاڵپشتی بە پەلە بۆ كەرتی كارەبا بۆ وەرزی هاوین و رێگرتن لە دروستبوونی تەنگژە لە بەرهەمهێنانی وزە و پچڕانی تەزووی كارەبا لە عێراق. 

ئەو یاسەیە دەكرا پاڵپشتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بكات، بۆ پاراستنی چینی هەژار و نەدار لە بەرانبەر بەو تەنگژە ئابوورییەی لە دنیادا هەیە، هەروەها بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری لە شارەكان و دابینكردنی هەلی كار بۆ دەرچووان و بێكارەكان و دابینكردنی پارەی پێویست بە پەلە بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.

بەڵام جێبەجێنەبوونی هەموو ئەو پێویستیانە، بەربەستییە بۆ رۆڵی حكوومەت لە راییكردنی كاری رۆژانەی، كە دابینكردنی پێویستییەكانی گەلی عێراق و پاراستنی توێژە هەژارەكان و فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان و كارەبا و رێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ كەوتووەتە ئەستۆی، وەك حكوومەت داوا لە هەمووان دەكەین رووبەڕووی بەرپرسیارەتییەكە ببنەوە، لە پێناو چارەسەركردنی شوێنەواری ئەو كێشانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە لەو دۆخە هەستیارە و لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل