بەرلە نیو سەدە دەستدرێژیی كردووەتە سەر هەرزەكارێك و ئێستە ئاشكرا بووە

:: AM:08:47:22/06/2022 ‌
بێڵ كۆسپی كە ئەكتەرێكی ناوداری ئەمەریكییە، بەرلە نیو سەدە دەستدرێژیی كردووەتە سەر كچێكی هەرزەكار. كچەكە ئێستە سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە و دۆسیەكە كەوتووەتە بەردەستی دادگا.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 22ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، دادگای ویلایەتی كالیفۆرنیا ئەو دۆسیەیەی جووڵاندووە كە ئافرەتێك بەناوی "جۆدی هۆس /64/"، سكاڵای لەسەر ئەكتەر بێڵ كۆسپی تۆمار كردووە. لە سكاڵاكەدا هاتووە كۆسپی بەرلە 50 ساڵ دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەری كە ئەوكات تەمەنی 16 ساڵ بووە.

بێڵ كۆسپی كە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 84 ساڵ و یەك لە ئەكتەرە ناودارەكانی ئەمەریكایە، خاوەنی دەیان فیلم و درامایە. پێشتریش لەلایەن چەندان ئافرەتەوە سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە بەوەی دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەریان. بەڵام سەری لەوەدایە ئەم سكاڵایە زیاتر 50 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە ئەوجا ئافرەتەكە سكاڵای تۆمار كردووە.

بەپێی ئەوەی میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، هۆس بەرانبەر بەو دەستدرێژییەكەی كراوەتە سەری، داوای نیو ملیۆن دۆلار قەرەبووی كردووە. بەڵام دادگا لەبەرئەوەی رووداوەكە زۆر كۆنە و هۆسیش لەو ماوەیەدا سكاڵای تۆمار نەكردووە، بۆیە دۆسیەكەی بە یاسای مەدەنی وەرگرتووە نەك دۆسیەی تاوان.

لە بەرانبەردا پارێزەرەكانی كۆسپی رەتیان كردووەتەوە ئەو رووداوە رووی دابێت، پێیان وایە سكاڵاكار ئەو سكاڵایەی تۆمار و ورووژاندووە تا بتوانێ لەرێیەوە قەرەبوو وەربگرێت. كۆسپیش لە بنەڕەتەوە رەتی كردووەتەوە كە دەستدرێژیی كردبێتە سەر هیچ ئافرەتێك، هەر شتێكیش رووی دابێت بە رەزامەندیی هەردوولا بووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د