لە هەولێر دادگا شەش منداڵی لە دایكێك سەندەوە

:: AM:09:21:22/06/2022 ‌
دوو ڕۆژی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی‌ بەرەنگاربوونەوەی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ئافرەتان و خێزان لە هەولێر بڵاوی كردەوە، ئەشكەنجەدانی‌ منداڵێكی‌ خوار تەمەن یەك ساڵی‌ لەلایەن ژنێكەوە راگەیاند و دەڵێن، "دایكێتی‌"، ئێستە خانەی منداڵانی بێ‌ سەرپەرشتی هەولێریش رای دەگەیەنێت، بە بڕیاری دادگا شەش منداڵی ئەو دایكە هێنراون بۆ خانەكەیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، چەند رۆژی رابردوو گرتە ڤیدیۆیەك لە سۆشیال میدیا بڵاو كرایەوە، دایكێك بە توندی ئەشكەنجەی منداڵەكانی دەدات، ئەوەیش وایكرد لایەنی پێوەندیدار بەدواداچوون بكەن.

ژمارەی منداڵەكان بوو بە شەش منداڵی یەك خێزان
باس لەوەش كراوە، رۆژی دووشەم بە بڕیاری دادوەر، پێنج منداڵ بۆ خانەی بێ سەرپەرشتانی هەولێر هێنراون، چواریان بۆ خانەی كچانە و یەكێكیشیان بۆ خانەی كوڕان.

روون كراوەتەوە، شەوی رابردوو منداڵێكی تری هەمان خێزان بە بڕیاری دادوەر بۆ خانەی كوڕان گواسترایەوە، ژمارەی منداڵەكان بوو بە شەش منداڵی یەك خێزان، ئەم خێزانە لە بنەڕەتدا خەڵكی ناوچەكانی تری عێراقن و وەك ئاوارە لە هەولێر دەژین.

بە بڕیاری دادوەریش ئێستە ئەو دایكە راگیراوە كە منداڵەكانی ئەشكەنجە دابوو، منداڵەكان لەناو خانە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش دەكرێ و ئێستە هیچ كێشەیەكیان نییە.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان لە هەولێر رای گەیاندبوو، لەلایەن هەواڵدەرێكەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، ئاگادار كرایەوە لە بوونی حاڵەتێكی ئەشكەنجەدان، ئەویش دایكێك منداڵەكەی كە تەمەنی لە خوار یەك ساڵدایە، بە شێوازێكی زۆر دڕندانە ئەشكەنجە دەدات.

ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە دوای دڵنیابوون لە راستیی رووداوەكە و بەدەستهێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەشكەنجەدان، دایكەكە و منداڵەكەی هێنرانە بەڕێوەبەرایەتییەكە، لە ئەنجامدا رێكاری یاسایی پێویست لە بەرانبەریان گیرایەبەر و رەوانەی بەردەم دادوەر كران، بۆ ئەوەی دایكەكە بە سزای یاسایی بگات و منداڵەكەیش رێكاری پێویست و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی بۆ دابین بكرێت.




وشە - رامیار جەواد