بڕیاره سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆ ببێته‌وه، "وشه" چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئاسۆ فه‌ریدوون ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق كردووه، كۆمه‌ڵێك زانیاریی وردی له‌باره‌ی دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی دركاندووه كه توانای چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌رده‌خات.
سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێ؟
رێژه‌ی دانیشنی ئاسایی پێویستی به 166 ئه‌ندام هه‌یه، 73 په‌رله‌مانتار ده‌ستیان له‌كار كێشاوه‌ته‌وه و 31 ئه‌ندامی پارتی و 63ی هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری، ژماره‌كان كۆ بكرێـته‌وه ده‌كاته 168 ئه‌ندام، ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و پارتی و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان نه‌گه‌نه رێككه‌وتن، ئه‌وا به‌یانی رێژه‌ی یاسایی ته‌واو نابێ و دانیشتن ناكرێ.
ئایا كۆبوونه‌وه‌ی به‌یانی بۆ ئه‌وه‌یه په‌رله‌مانتارانی نوێ سوێندی یاسایی بخۆن له شوێنی په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در؟
ئێمه له پشووی وه‌رزی یاساییداین، به‌پێی ماده‌ی 56ی ده‌ستوور، بۆ دانیشتنی نائاسایی پێویسته سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆكی په‌رله‌مان یان 50 په‌رله‌مانتار، داوای دانیشتنی نایاسایی بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگه‌دارین فراكسیۆنی سادقوون داوای كۆبوونه‌وه‌یان كردووه، دواتر ژماره‌كه بوو به 50 په‌رله‌مانتار، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش له‌سه‌ریه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه بكات.
پشته‌وه‌ی په‌رده بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه چییه؟
ئه‌گه‌ر دانیشتن بكرێ، په‌رله‌مانتاره تازه‌كان ده‌بێ سوێندی یاسایی بخۆن، هه‌روه‌ها به‌پێی ماده‌ی 55 له پێڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، 25 ئه‌ندامیش ده‌توانن داوای زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بكه‌ن بۆ به‌رنامه‌ی كار ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه رێژه‌ی یاسایی ته‌واو بێ.
گفتوگۆی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت گه‌یشتووه به كوێ؟
دوو ئاراسته هه‌بوون ئاراسته‌ی زۆرینه بوو، ئه‌وی تریان به‌ره‌ی سازان، به‌ره‌ی زۆرینه شكستی هێنا، بۆیه ره‌وتی سه‌در كشایه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی. به‌ره‌ی سازان كه داوایان ده‌كرد هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌و قۆناغه به‌شدار بن له حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی بیه‌وێت هه‌مووان له حكوومه‌ت به‌شدار بن، مانای وایه ده‌بێ پارتی و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری رازی بكات، ئه‌وه‌یش باجی گه‌وره‌ی ده‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی داوای سه‌رۆك كۆمار بكات یان داوای جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاری دادگا له‌باره‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێم بكات، ئه‌گه‌ر داوای مووچه و بودجه‌ی پێشمه‌رگه كرا، ئه‌وا چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی چی ده‌كات له كاتێكدا له پرسی سه‌رۆك كۆمار یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌دایه.
ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی نه‌یتوانی حكوومه‌تی سازان دروست بكات، ده‌توانێ زۆرینه دروست بكات؟
هه‌موو ئه‌وانه پێوه‌ندارن به دانیشتنی سبه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سبه‌ی پارتی و سه‌در ده‌توانن شكست به دانیشته‌كه بهێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتی ده‌نگی به‌شداریی دانیشتنه‌كه بكات، ئه‌وا چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی به‌پێی ژماره به‌رده‌سته‌كان نزیكن له 220 ئه‌ندام بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی زۆرینه پێكبهێنێ.
هه‌ریه‌ك له‌مانه ناویان دێ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هادی عادی، قاسم ئه‌عره‌جی، حه‌یده‌ر عه‌بادی، كێ له‌مانه راسته؟
باسم خه‌شان و قاسم ئه‌عره‌جی له منی وه‌رگره كه له‌ناو لیستی ناوه‌كانن، به‌ڵام ئه‌و ناوانانه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ پپێشكهش نه‌كراون، جگه له جارێك له یه‌كێك له دانیشتنه‌كان، جۆره رێككه‌وتنێك كرابوو له نێوان سه‌ربه‌خۆكان كه باسم خه‌شان كاندید بكرێ وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌و پۆسته.
ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان تا كوێ بڕ ده‌كات؟
ماوه‌ی مانگێك زیاتره داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مانم كردووه، هه‌رچه‌نده ئێسته زه‌وینه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت زۆرتره، باوه‌ڕم وایه ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ته‌واو نابێ و هه‌ر حكوومه‌تێكیش پێكبێت، ئه‌وا ساڵێك زیاتر نییه، قسه‌م له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن كردووه، ئه‌وان ده‌ڵێن له ماوه‌ی ساڵێكدا ده‌توانن هه‌ڵبژاردن بكه‌نه‌وه، بۆیه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كرێت.