کیێڤ ڕێیه‌كى دوورى لە پێشە بۆ ئەوەی پێوەندی بە ئەوروپاوه‌ بکات

ئاڵاى ئۆكراینا و یەکێتی ئەوروپا
:: AM:11:28:23/06/2022 ‌
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کیێڤ ڕێیه‌كى دوورى لە پێشە بۆ ئەوەی پێوەندی بە یه‌كێتى ئەوروپاوه‌ بکات و ببێته‌ ئه‌ندام، به‌ڵام زێلێنسکی گەشبینە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م و سبه‌ى هه‌ینى، زۆر گرنگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لە کاتێکدا کە ململانێی ڕووسیا و ئۆکراینا دەچێتە 120مین ڕۆژی خۆیەوە، بڕیارە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی ئۆکرانیا بخەنە سەر ڕێی دووری ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا لە لوتکەیەکدا كه‌ لە بڕۆکسڵ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بە پێدانی پۆستی کاندیدی فەرمی.

هەرچەندە ڕەنگە ئەم ڕێیە چەندان ساڵ بخایەنێت، بەڵام بە گوتەی پێشترى زیاتر لە بەرپرسێکی ئەوروپی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گەشبینە.

دوێنێ چوارشەم 22ى حوزه‌یران، سه‌رۆكى ئۆكراینا ستایشی پێشنیاری چاوەڕوانکراوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد سەبارەت بە پێگەی کاندیدی وڵاتەکەی، کە لە شەڕەکانی دژی هێزەکانی ڕووسیا لە دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ماندوو بووە. لە میانی گوتارێکیدا لە تۆرۆنتۆ لە رێی لینکی ڤیدیۆییەوە،  ڕای گەیاند، "پێموایە هەر 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە پێگەی ئێمە دەکەن وەک کاندیدێک".

هەروەها پێی وابوو کە ئەم بڕیارە چاوەڕوانکراوە ڕەنگە هاوشێوەی "چوونە دەرەوە لە تاریکی بۆ ناو ڕووناکی" بێت.

بڕیارى سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی كه‌ به‌ نیازن ئۆکرانیا بخەنە سەر ڕێی دووری ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا، ئەم هەنگاوە تا ڕادەیەکی زۆر هێمایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی ئۆکراینییەکان لە کاتێکی زۆر سەختدا لە ململانێی چوار مانگەدا کە هەزاران کەسی کوشتووە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە و گوند و شارەکانیشی ته‌خت كرد و سیماى شارستانى پێوه‌ نه‌ماوه‌.

هەروەها ئەم ململانێیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووری جیهان و ڕێکخستنە ته‌ناهییەکانی ئەوروپا هەبوو، ئەمەیش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی غاز و نەوت و خۆراک و وایکرد یەکێتی ئەوروپا پشتبەستنی زۆری بە وزەی ڕووسیا کەم بکاتەوە. هەروەها داوای لە فینلاند و سوێد کرد کە داوای ئەندامێتی لە ناتۆ بکەن.


وشە - محەمەد میران