پیشەکار و ڕێزگرتن له ژیانی پیشەکاری

:: PM:02:38:15/09/2022 ‌
یونس حەمەد - ئۆسلۆ  

ژیانی پیشەکاری له وەرزشدا مێژووییەکی دوور و درێژی هەیه ، ئەم ژیانه هاوچەرخە ئاوێتەبوونه لەگەڵ یارییە وەرزشیەکاندا، به تایبەت یاریی تۆپی پێ. یاریزانی پیشەکار ئەو یاریزانەیە که سات و کاتی مەشق و یاری، هەروەها ئەتەکێتەکانی وەرزشی به باشی دەزانێت، چونکه ژیانێکی تایبەتە بۆ یاریزانان، بۆیە له جیهانی وەرزشدا ڕێز لە پیشەکاری و بۆندەکانی یاریزانی پیشەکار دەگیرێت.

له ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگه له وڵاتانی کەنداو، تا ئێسته‌ ژیانی پیشەکاری نەگەیشتووه‌تە ئەو ئاستەی کەوا جێگه‌ی ڕێز بێت، بەو هۆکارەی که دەبینین یاریزان له هزریدا  ئەوە ناخوێنێتەوە، که بۆندەکانی پیشەکاری چەند گرینگه، لەملاشەوە یانەکان ئەو هزرەیان بۆ ژیانی ئەرێنیی پیشەکاری نییه، بۆیە زیاتر به سۆز بۆند لەگەڵ یاریزانان مۆر دەکەن، بێ ئەوەی له ئاییندە و دواڕۆژی گرینگی بۆندەکان تێبگەن، که یانە و یاریزان پێکەوە مۆری دەکەن.

زۆر جاران گوێبیستی ئەوە دەبین کێشەی نێوان یانەکە به گشتی و یاریزان ڕوودەدات، لەبەر بێ شارەزایی هەردوولا لە ژیانی پیشەکاریدا، ئەمەش دواتر دەبێتە  مشتوومڕ و سکاڵا تۆمارکردن، هەروەها ناوزڕاندن و بێ متمانەیی زیاتر بابەتەکه سووك دەکات، بەمەش هەردوولا دووچاری دادگا دەبنەوە، چونکه لە سەرەتادا بە شێوازێکی نابابەتیانه هەڵسووکەوتیان کردووە، بێ ئەوەی بزانن ئەو ژیانه گرنگە، که پێی دەگووترێت پیشەکار، چ بۆ یانە و یان بۆ یاریزان.

خاڵێکی تر دەبێت لێی بڕوانین، ئەویش زۆرجاران دەبینین سەرەتا نێوان هەردوولا واتا یانە و یاریزان، بۆ خۆدەرخستن به تایبەت لە رووی میدیاییه‌وە ئەوە دەگووترێت (بۆندەکه لەسەر کاغەزی سپی بووە)، بەواتا ئەو دوولایەنه چ یانەکه یان یاریزان، ئەوەندە متمانەیان بەیەکتر هەیه، ئەوە لەسەر کاغەزی سپی پەنجەیان بۆ مۆر کردووە ، بێ ئەوەی یەك دراو لەسەر ئەم کاغەزە سپییه‌ هه‌بێت، که نووسرابێت، بەڵام که دواتر دێنه سەر بنچینەی پرسەکه ئەوە به هەڕەشە و گوڕەشە و دادگاکان پرسەکان یەکلا دەکرێنەوە.

وەک ئەوەی دەبینین ئێسته‌ چەندان یانە دووچاری کێشە وگرفت بوونەتەوە، ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکردووە، کەمزانینە لە تێگەیشتنی یانە و یاریزانان له خەسڵەتە تایبەتییەکانی ژیانی پیشەکاریدا.

جا لەم ڕوانگەیەوە، تکام وایه و خوازیار و داواکارم له یانەکانمان، بگەنه ئەو ئاستەی بزانن چەند گرنگە وەرزش به شێوەیەکی بابەتییانه ڕێڕەوی خۆی بگرێت، نەوەک بە شێوەی سۆز و عاتیفە وەرزش بکەین، چونکه ئێسته‌ له دنیای هاوچەرخدا وەرزش بووه‌تە سەرچاوەی ژیانی کلتووری و کۆمەڵایەتی و دارایی و ئابووری، تا گەیشتنی قۆناخی ناسینی خاك و نیشتمان، بۆیە ئاییندەی ژیانی پیشەکاری به گرنگ وەربگرین، واز له کاغەزی سپی بێنین بۆ بۆندی یاریزانان ، بەڵکو بگەینه ئەو بڕوایەی، دەکرێت لەمەودوا بگەینه قۆناخی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی یاریزانان له ڕووی دارایی و ئابووری، چونکه ئەگەر یاریزان بێ کەموکوڕی بێت، بێگومان ئاستی بەرز دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەبوو، ئەوا ئاستەکەی نەگاتە ئەوەی دڵی هه‌وادار وجەماوەر خۆش بكات، هەروەها یانەکە و یاریزانانیش مقۆمقۆی بەردەوامیان دەبێت، ناگەنه بڕوابەخۆبوون، که ژیانی پیشەکاری هەنگاوی لەسەر ناوە و بەرچاویشی خستووە.



وشە - وشه‌