هاوارێک لە پایتەختی بێ نازەوە!

:: AM:11:55:22/09/2022 ‌
ئاراس رواندزی 

کاتێک مرۆڤ ناوی پایتەختێک دێنێ، راستەوخۆ لە هزر و خەیاڵی خۆیەوە وێنای باشترین و جوانترین و ناوازەترین شتەکان لەو شوێنە دەکات، چونکە هەمیشە پایتەخت وەک سیما و رووی گەش و پێشکەوتنی وڵات دێتە بینین.

ئەوەی لەم نووسینەدا گەرەکمە باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر، فەرامۆشکردن و بێ نازی هەولێری پایتەختە، بەهۆی ئەوەی تا ئێسته‌ هۆڵێکی داخراوی وەرزشی شیاو بە یاریکردنی تێدا نییە! 

ئەو شارەی ئێسته‌ سەروو دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسی تێدا دەژی و زۆرینەشیان وەرزشکار یا هۆگر و شەیدای کایەکەن، نکۆڵی لەوە ناکەم شارەکەی قەڵا و منارە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا لە زۆر لایەنەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە گەلێ بواردا پێشەنگی شارەکانی تره‌، لێ ئاشکرایە هەر شۆڕشێکی ئاوەدانی کە نەتوانرا هاوتەریب هەموو سێکتەرەکان بە یەک ئەندازە برەو پێبدات، سەرەنجام فەرامۆشکراوێک وەک کانییەکی ئاو دەتەقێتەوە و بە دەرخستنی کەموکوڕییەکانی، هەموو ئەو جوانیانەی کە لە رابردوودا بنیادیشت ناوە، لێل دەکات.

لە ساڵانی بەر لە قەیرانی دارایی کە کوردستان بە گشتی لە رووی ئاوەدانییەوە لەسەردەمی زێڕینیدا بوو، زۆر هاوار و تکامان کرد، شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەی وڵات با ژێرخانی وێرانی وەرزشیش بگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەرزشی بێ پلان و ستراتیژ بوون و لە جیاتی بنیاتنانی یاریگه‌ و هۆڵ و شاری وەرزشی مۆدێرن، پارەیەکی زۆریان بە یانەکان بەخشی تا یاریزانی عەرەب بێنن، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی عیراق یەکەم بن! بەو شێوەیە چەند دەستکەوتێکی کاتی بەدی هات، لێ ناوبانگ و شانازی و یاریزانی باش، بێ نەبوونی گۆڕەپانێکی شیاو بۆ یاریکردن، وەک کوردەواری دەڵێ "فلسێکی سووتاو ناهێنێ ".

ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە بڕیاری بنیاتنانەوەی هۆڵی زەرد دراوە، لەوساوە تا ئێسته‌ تەنیا بەردی بناغەکەی دانراوە و بە بیانووی قەیرانی دارایی، کارکردن تێیدا وەستاوە، لە کاتێکدا هەر لەو ماوەیە زیاتر لەو بڕەی کە پێویستە بۆ بنیاتنانەوەی ئەو هۆڵە، بە یانەکان دراوە! ئاخر توخوا کارەسات نییە شارێکی گەورەی وەک هەولێر کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس وەک پایتەختی وەرزشی عیراق مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، هیچ هۆڵێکی داخراوی شیاو بە یاریکردنی نەبێ؟ باشە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی وەرزشی هەرێم، چۆن شەرم داتان ناگرێ، چەند رۆژێکی کەمە بەم هۆیەوە پاڵەوانیەتی بالەی وڵاتانی عەرەبی لە پایتەختەوە بۆ شاری دهۆک گواسترایەوە! 

ئێسته‌ بە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی، هەست بە گەڕێکی تری ئاوەدانی و بووژاندنەوە دەکرێ، بۆیە ئێسته‌ کاتی ئەوەیە وەرزشکارانی پایتەخت بە پاڵپشتیی هێزی میدیا، فشارەکانیان بۆ سەر بەرپرسانی وەرزش و حکوومەت چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بودجەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی هۆڵی زەرد تەرخان بکرێت، ناکرێ لە هەموو لایەکەوە پڕۆژە ببینین، کەچی وەرزش و ژێرخانە وێرانەکەی لێیەوە بێ بەش بێت، بۆیە خوازیارم پەیام و خەمی وەرزشکارانی پایتەخت بە سەرۆکی حکوومەت بگەیەنرێ، چونکە دڵنیام بەرپرسانی وەرزشیمان، لە جیاتی پێشاندانی ژێرخانی وێران و کەموکوڕی و پێداویستیەکانی کایەکە، تابلۆیەکی ئەفسووناویان بۆ بەڕێزیان نەخشاندووە.



وشە - وشه‌