گۆڵپارێزی ئەڵمانیا و بایرن میونشن مانوێل نۆیەر ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تووشی شێرپەنجەی پێست بووە، هەروەها بۆ رزگاربوون لەو نهخۆشییه، ناچار بووە چەند نەشتەرگەرییهك ئهنجام بدات.
ماوەیەکی زۆر بوو دەنگۆی زۆر لەسەر نەخۆشكهوتنی ئەستێرەی بایرن میونشن مانوێل نۆیهر ههبوو، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر سروشتی ئەو نهخۆشییه بڵاو بكرێتهوه، کە یاریزانەکە بەدەستیيەوە دەیناڵاند.
نۆیەر زیاتر لە جارێک به دانانی رووپۆش و دهمامك لهسهر دهمووچاوی دهركهوتووه، هەروەها پەڵەیەکیش لە تەنیشت لووتی دەرکەوتبوو، بەڵام لە روانگەی وەرزشییەوە کاریگەری نەبووە و بە شێوەیەکی ئاسایی بەشداریی یارییەکان دەکرد.
نۆیهری تەمەن 36 ساڵان بە رۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی راگەیاند: "ئەو حاڵەتەی من بەدەستیەوە دەناڵێنم شێرپەنجەی پێستە لەسەر دەموچاوم، ئەمەش وای لێکردم سێ نەشتەرگەری ئەنجام بدەم".
گوتیشی: "بەو پێیەی بەردەوام لە دەرەوە مەشق و یاریی دەکەین و هەروەها حەز دەکەین کاتە بەتاڵەکانمان لە دەرەوەی ماڵ بەسەر بەرین، دەبوو هەندێک جار بۆ پاراستنی دەموچاوم لە خۆر دهمامك بەکاربهێنم.
ئەم لێدوانەی نۆیەر لە پەراوێزی زنجیرە سپۆنسەرییەکەیدا هات، کە لەگەڵ ئەستێرەی تێنس ئەنجلیک کێربەر لە ژێر ناوی "newkee بۆ خۆپاراستن لە خۆر" ئهنجامیان دا.
نۆیهر ئێسته لە دۆخێکی باشدایە و نزیکەی 3 هەفتە پێش دەستپێکردنی مۆندیال لە قەتەڕ، خەریکە لە پێکانەکەی لە شان چاك دهبێتهوه و دەگەڕێتەوە یاریگهكان.