ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی شاری كەركووكە

:: AM:09:36:20/03/2023 ‌
ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی راپەڕینی كەركووكە كە پێشمەرگە لە دەست رژێمی بەعس رزگاری كرد، بەڵام دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، ئێستە شارەكە لەوپەڕی خراپیدایە لە رووی تەناهی و خزمەتگوزارییەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئادار، 32 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە دوای ئازادكردنی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك و سەرجەم شار و شارۆكەكانی باشووری كوردستان، كەركووكیش ئازاد كرا.

 20ی ئاداری ساڵی 1991، بەرەی كوردستانی بەرەو كەركووكی بابەگوڕگوڕ بەڕێ كەوتن، هاونیشتمانییانی كەركووك و شانە نهێنییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی پلانی داڕێژراو لە كەركووك ڕاپەڕین، پاش بەرگرییەكی زۆری هێزەكانی ڕژێمی بەعس، توانرا لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە كەركووكی دڵی كوردستان هەڵبكەن و جەژنی نەورۆز و موژدەی ئازادكردنی تەواوی كوردستان بە كوردستانیان رابگەیەنن.

ئێستە دوای نەمانی بەعیسش لە ساڵی 2003 كە شارەكە بە تەواوی ئازاد كرا، بەڵام باڵێكی خیانەتكار و خاكفرۆشی ناو یەكێتی، لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 ئەو شارەیان دایەوە بە حكوومەتی عێراق و چەكدارە میلیشیاكان.



وشە - رامیار جەواد