تۆمەتبارانی منداڵە فڕێدراوەكەی كەلار گیران

:: PM:12:22:29/04/2023 ‌
پۆلیسی گەرمیان رای دەگەیەنێت، ئەو كەسەیان گرتووە كە تۆمەتبارە بە فڕێدانی منداڵێك، هەروەها ئەو منداڵە لەڕێی پێوەندیی ناشەرعی هاتووەتە دنیاوە.

ئەمڕۆ شەموو 29ی نیسان، عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای ئەوەی لە 24/4/2023 لە نزیك مزگەوتی تەقوای كەلار، منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە ڕەگەزی نێر لە ناو كارتۆنێك دۆزرایەوە، لێكۆڵینەوە دەستی پێ‌ كرد.

زیاتر گوتی، بەسوود بینین لە كامێرای چاودێری، توانیان تۆمەتباران كە لە سێ كەس پێكهاتوون بگرن.

باسی لەوەش كرد، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ دایكی منداڵەكە كە لە دایكبووی 1988 و دانیشتووی گەڕەكی كەلاری كۆنی شارۆكەی كەلارە، ددانی بەوە دا نا كە بۆ ماوەی سێ ساڵە هاوسەرەكەی دەستبەرداری بووە، پێوەندیی ناشەرعی لەگەڵ تۆمەتبار دروست كردووە.

ئاشكرای كرد، لە ئەنجامی ئەو پێوەندییەدا ئەم منداڵەی نێوانیان دروست بووە، دواتر بەهاوكاریی دوو تۆمەتباری تر كە پیاوێك و ئافرەتێكن و خزمی باوكی منداڵەكەن، بە ئۆتۆمبێل منداڵەكەیان لە نزیك مزگەوت بەجێهێشتووە، ئێستە تۆمەتباران بەپێی مادەی 383 بەند كراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، هاوكات دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ تۆمەتبارێكی تریش دەركردووە.



وشە - رامیار جەواد