دادگای كەلار لەسەر سكاڵای كۆمپانیایەك پارێزەرێك زیندانی دەكات

:: PM:11:49:30/04/2023 ‌

دادگای كەلار لەسەر سكاڵای كۆمپانیایەك پارێزەرێك زیندانی دەكات، هاوسەری ئەو پارێزەرەش دەڵێت، لەسەر داواكردنی مافی خۆیان هاوسەرەكەیان زیندانی كردووە، لەكاتێكدا ئەو پارێزەرە و ئەوەی روودەدات شكاندنی شكۆی پارێزەرانە، ئیتر خەڵك چۆن دێت سكاڵای بێنێتە لایان.

 بەسۆز كامەران، هاوسەری پارێزەرە گیراوەكە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هاوسەرەكەم ناوی (ئارام عەزیز محەمەد)ە و پارێزەرە و خاوەنی كارگەی چەو و لمی كەلارە، ئەوان چەند هاوبەشێكن لەسەر رووباری سیروان زەوی كارگەكەیان كەوتووەتە بەر پڕۆژەیەك بەناوی "پڕۆژەی مارینا"، كە لەبری زەوییەكەی لێیان داگیر كردووە نە قەرەبوویان پێ دەداتەوە نە كارگەكەشیان لێ دەكڕێتەوە، كە كارگەكە لە ساڵی 2008 دامەزراوە و ئێستە تەنانەت مۆڵەتەكەشیان هەڵوەشاندووەتەوە.

زیاتر گوتی، كاتێك كەسێك دێتە سەر ماڵەكەت تۆ بەرگری لە خۆت دەكەی و داوای قەرەبوو دەكەیتەوە، هاوسەرەكەم و هاوبەشەكانی چەند شەوێك لەگەڵ كۆمپانیای ناوبراو دانیشتوون و نە گەیشتوونەتە ئەنجام، لایەنی بەرانبەریان هەموو داواكارییەكانیان رەت دەكەنەوە، هاوكات "كۆمپانیای مارینا" سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەم تۆمار كردووە، گوتوویانە كە ئەم هاووڵاتییانە نایەڵن ئیش بكەین و نەیان گوتووە ئەوان خاوەن كارگەن، بۆیە دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار بڕیاری زیندانیكردنی داون و زیندانی كراوە.

"هاوسەرەكەم و خۆشم پارێزەرین و پێكەوە لە دادگای كەلار كار دەكەین و ناسنامەی سەندیكای پارێزەرانمان هەیە، لە هیچ یاسایەك نییە پارێزەر لەسەر سكاڵایەكی وا بگیرێت، تەنانەت ئەگەر پارێزەر كەسێكیش بكوژێت، دەبێت مۆڵەتی سەندیكای پارێزەران بێنن، ئەوكات رێگە دەدرێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت، كەچی هاوسەرەكەم لە بەیانییەوە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی كەلار زیندانی كراوە"، بەسۆز كامەران، هاوسەری پارێزەرە گیراوەكە وای گوت.

دووپاتی كردەوە، باشە كەواتە پارێزبەندیی پارێزەران كوا و بۆچی پارێزبەندی بۆ پارێزەر هەیە، لەپێناو چی شكۆی پارێزەرێك بشكێنیت و زیندانی بكەی، ئێمە هەزاران خەڵك دێت سكاڵای دێنێتە لامان جوان نییە بۆمان، دەپرسین چۆن لەسەر شتێكی هیچ دادوەر بڕیاری زیندانی پارێزەرێك دەدات بەپێ كامە مادەی یاسایی بەردەستی.

ئەو هاوسەرەی پارێزەرە گیراوەكە ئاماژەی كرد، ئێمە غەدرمان لێ دەكرێت و قەرەبووی موڵك و ماڵەكەمان نادەنەوە، لە رووی یاساییشەوە كە پارێزەرین زیندانی دەكرێین، منیش و هەر پارێزەرێكی تریش لە رۆژانی ئایندە بابەتێكی لەو شێوەیەی رووبەڕوو ببێتەوە زیندانی دەكرێت، ئیتر خەڵك چۆن دێتە لامان و داوای چارەسەری كێشەكانی دەكات، ئەوەش ئەوپەری ستەمە بەرانبەر بە پارێزەرێك و پیاوەكەم كراوە.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل