قایمقامیەتی سلێمانی: پاركەكانی راوەستانی ئۆتۆمبێل لە چاڤی لاند دادەخرێن

:: AM:11:29:07/06/2023 ‌
لەسەر سكاڵای هاووڵاتییان و بەهۆی زیاد وەرگرتن و بەكرێدانی شەقامی گشتی، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، هەرسێ پاركی ئۆتۆمبێلەكانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند دادەخات.

سەرپێچییەكانی چاڤی لاند بەردەوامە و هەرجارە و بەشێكی ئەو پڕۆژەیە سزا دەدرێت، لە دواین پێشهاتدل لەناو شوێنی پاركینگی ئۆتۆمبێل لە ڕۆژی جیهانی منداڵان، بە دەرفەت زانراوە و نرخی راگرتنی ئۆتۆمبێل گران كراوە، قایمقامییەتی سلێمانیش پێی زانی و بە داخستن سزای دان.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی ئایار، دانا عوسمان ئەفسەر لە هاتوچۆی سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆ لە لە قایمقامییەتی سلێمانی رای گەیاند، لەسەر سكاڵای هاووڵاتییان كە لە قایمقامییەتی سلێمانی تۆمار كراوە، لە رۆژی جیهانی مناڵاندا، پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند، نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی بەرز كردووەتەوە بۆ سەرووی دوو هەزار دینار، بۆیە لەلایەن لیژنەی هاتوچۆی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانییەوە، پسوولەی سەرپێچیی بۆ كراوە.

هەرسێ پاركی وەستانی ئۆتۆمبێلەكانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند، دادەخرێن و رووبەڕووی رێكارە یاساییەكانیش دەكرێنەوە.
زیاتر گوتی، لە كاتی سەردانی لیژنەكە بۆ  پاركەكانی چاڤی لاند، دەركەوتووە كە شەقامە گشتییەكانی چواردەوری پڕۆژەكە، وەك پاركی وەستانی ئۆتۆمبێل بەكار هێنراوە و كرێیەكی زۆریش لە شۆفێران وەرگیراوە.

روونی كردەوە، یەكێكی تر لە سەرپێچییەكانی پاركەكانی چاڤی لاند، هەبوونی بڕێكی زۆری قەرزی قایمقامییەتی سلێمانییە كە بەهۆی تۆماركردنی سەرپێچییەكی زۆری ساڵانی پێشووە كە پابەندی مەرجەكانی كاركردن نەبووە و پێبژاردنی بۆ نووسراوە.

رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆ، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەمڕۆ هەرسێ پاركی وەستانی ئۆتۆمبێلەكانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند، دادەخرێن و رووبەڕووی رێكارە یاساییەكانیش دەكرێنەوە.

پێشتر بارزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی پڕۆژەی چاڤی لاندەوە، شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دیار نەماوە و پڕۆژەكە زۆر چووەتە دەرەوە لەوەی بۆی دیاری كراوە، بەهۆی ئەوەوە لە داهاتوودا كێشەی گەورە بۆ شەقامی 100 مەتری دروست دەبێت لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە.

ڕۆژی 19ـی ئابی 2018، سالار حیسامەدین بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕینی كارەبای پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند، بە بڕیاری ئێمە بووە و ئەوەش بەهۆی نەدانی كرێی كارەباوە بووە.

لەو پڕۆژەیە چەندان سەرپێچیی تر هەبوون لە رابردوو و چەندان جار سزای مادی و داخستن بەرەو روویان كراوەتەوە، ئەوەیش یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە شاسوار و گرووپەكەی بە پڕۆژەیەكی نموونەیی باسی دەكەن، بەڵام هێندە سەرپێچیی تێدایە، مانگانە دووجار گردبوونەوی خاوەن پشكەكانیش لە بەردەم پڕۆژەكە هەیە كە پارەكانیان لەلایەن شاسوارەوە خوراوە و نایاندرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد