كۆرۆنا گەشە دەكات و خانمی یەكەمی ئەمەریكایش تووش دەكات

:: AM:08:58:05/09/2023 ‌
كۆشكی سپیی ئەمەریكا ئەمڕۆ رای گەیاند، كۆرۆنا و جۆرە نوێیەكەی لە ئەمەریكا گەشەی كردووە و بەپێی ئەو پشكنینانەی بۆ خانمی یەكەمی ئەمەریكا كراوە، دەركەوتووە تووش بووە، بەڵام بەپێی پشكنینی سەرۆك، دۆخی باشە و تووش نەبووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، دۆخی تەندروستیی جێڵ بایدن خانمی یەكەمی ئەمەریكا باش نەبووە و دوای ئەوەی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ كراوە، دەركەوتووە تووش بووە و دەبێ بۆ ماوەیەك لە ماڵەكەی بمێنێتەوە و چارەسەر وەربگرێت.

ئاماژە بەوەش دراوە كە جۆ بایدنیش پشكنینی كردووە نەك ئەویش تووش بووبێت، بەڵام دەركەوتووە دۆخی باشە و تووشی ڤایرۆسەكە نەبووە.

لە مانگی ئۆگستسی ساڵی رابردوو هاوسەری سەرۆكی ئەمەریكا لە تەمەنی 72 ساڵیدا تووشی كۆرۆنا بووبوو. بەڵام سەرۆك خۆی لە مانگی یۆلیۆی ساڵی 2022 لە تەمەنی 80 ساڵیدا تووشی پەتاكە بوو.

ئیلیزابێس ئەلیسكەندەر بەڕێوەبەری پێوەندییەكانی جێڵ بایدن لە بەیاننامەیەكدا گوتوویەتی، ئێوارەی دوێنێ دەركەوتووە كە خانمی یەكەم تووشی كۆرۆنا "كوڤید 19" بووە، بۆیە ماوەیەك لە ماڵەكەی دەمێنێتەوە و چارەسەر وەردەگرێت.

ساڵێك زیاتر بوو كە پەتای كۆرۆنا بەرەو كۆتا هاتبوو و زۆربەی ولاتان رێنوێنییەكانیان واز لێ هێنابوو، بەڵام ئەمساڵ و لە زۆر لە وڵاتان، دووبارە جۆرێكی نوێی پەتاكە سەری هەڵداوە و خەڵكێكی زۆری تووش كردووە، بۆیە رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداریی داوە كە پێویستە رێنوێنییەكان جێبەجێ بكرێن تا كەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د