200 دۆنم لە باخەکانی كەلار بۆ یەكەی نیشتەجێبوون تێكدەدرێن

:: PM:02:25:10/09/2023 ‌
200  دۆنم باخی كەلار تێكدەدرێ بۆ یەكەی نیشتەجێبوون كە سەرچاوەی بەروبوومەكانی عەلوەی كەلارن، خاوەنەكانیان دەڵێن، 60 ساڵە دروستی دەكەین و ئێستە تێكیدەدەن.
 
ئەمڕۆ یەكشەم 10ی ئەیلوول، یەحیا محەمەدی باخەوان، لەگەڵ باخەوانەكانی سنووری گردەگۆزینە و بنگرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایان گەیاند، دەمانەوێ ئەوە بخەینە روو كە باخەكانمان دراوە بە كۆمپانیایەك  بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.

ئەوەشیان گوت، "ئەم زەوییانەی ئێمە زیاتر لە 60 ساڵە باخن، هی ئەوە نییە بڵێی چەند ساڵێكە دروست كرابن، مێژووەكەیان كۆنە و هی باوباپیرمانە بۆمان ماونەتەوە، باخەكەمان لە باوك و باپیرمان بۆمان ماونەتەوە، هەموو ئەوانەی لێرەن موڵكە بۆیان ماوەتەوە بە پشتاوپشت، ئەم باخانە هەمووی باخی بەرهەمدارن، باخی دانیشتن و سەیران و گەعدە نییە، بەرهەمەكانی باخەكان پێكهاتوون لە هەنار، پرتەقاڵ و خورما، ترێ، هەموو ئەمانە بەڕێژەیەك تەنیا بۆ خواردن نییە، بۆ فرۆشتنە لە بازاڕەكان، بۆ عەلوەی كەلار دێنە ناردن، جەلەولا و هەندێك جاریش بۆ سلێمانی و دەربەندیخان دەڕۆن".

زیاتر دەڵێن، رووبەری باخەكان زیاتر لە 200 دۆنم باخی چڕە، وەك دارستانێكی لێهاتووە، زیاتر لە 150 جووتیار بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم باخانەیە و ئیشوكاری تریان نییە، ئەگەر ئەمانە بكرێنە یەكەی نیشتەجێبوون، جووتیارەكان بۆ كوێ بڕۆن؟ وەك دەبینرێت بارودۆخی كوردستان باش نییە و خەڵك بێ كارن و كاریان دەست ناكەوێ، باخەكان هەوایەكی پاكیان بۆ كەلار دروست كردووە، بەڵام بەداخەوە حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی ئەم شارۆكەیە، بیریان لەوە نەكردووەتەوە كە رۆژ بەرۆژ گەورە دەبێت و  فراوان دەبێت و پێویستی بەڕێژەی سەوزاییە، لەناو كەلارەوە بۆ ئەم باخانە زیاتر لە سێ پلە جیاوازی هەیە.   


وشە - لاڤین عومەر