توركیا بەرپرسێكی پەكەكە لە شنگال دەكوژێت و هەڕەشە دەكات

:: PM:05:14:06/10/2023 ‌

رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە و توركیا لە دەرەوەی خاكی ئەو وڵاتە بەردەوامە، شەڕەكە زیاتر هەواڵگرییە و توركیا لە رێگەی زانیاری وردی هەواڵگرییەوە ئەندام و بەرپرسانی پەكەكە دەكاتە ئامانجی درۆنەكانی، هێرشی دوایی ئەنقەرەی پەكەكەش پاساوی توركیای بۆ لەشكركێشی و پێشێلكردنی سەروەریی سووریا و عێراق زیاتر كرد، ئەمڕۆ ئەنقەرە كوشتنی بەرپرسێكی پەكەكەی لە شنگال راگەیاند.

وەك ئاژانسی "ئەنەدۆڵۆ"ی توركیا بڵاوی كردەوە، بە پێی زانیارییەكان كە لە سەرچاوە تەناهییەكانی توركیاوە وەرگیراون، هەواڵگریی توركیا توانیویەتی بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی "چیا فەقیر"، بەرپرسی كوشتن لە پەكەكە لە كردەیەكی هەواڵگری لە شارۆكەی شنگال بكوژێت.

روونی كردەوە، ئەو بەرپرسەی پەكەكە خۆی بەناوی "ئەلیاس پیرۆ ئالی"، حەشار دابوو، بەرپرس بووە لە كوشتنی هێزە تەناهییەكان و هاووڵاتییان و كاری بۆ فرەوانكردنی رێكخستنەكانی پەكەكەش كردووە.

لای خۆیەوە فەخرەدین ئالتوون، سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكان لە سەرۆكایەتیی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكە تیرۆر لەناو دەبات، جا لە عێراق یان لە سووریا یان لە هەر جێیەكی تر بێت، ئەو لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە توركیا ملكەچی هەڕەشەكان نابێت و سازش لەسەر تەناهییەكەی ناكات، دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە توركیا لە لایەن گرووپەكانەوە هەڕەشەی دەكرێتە سەر كە خۆیان لە وڵاتانی دراوسێ حەشار داوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل