ڤیان دەخیل: حكوومەتی عێراق ناتوانێت هێزە دەرەكییەكان لە شنگال دەربكات

:: PM:05:37:21/10/2023 ‌

سەرەڕای ئەوەی بەسەر كوردانی ئێزدی هات بە دەستی قاعیدە و داعش و دوای ئەوەش لەسەر دەستی حەشدی شەعبی و پەكەكە، كە رێگرن لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكەكەی، ئەوەی تا ئێستە حكوومەتی عێراق بۆ ئەوانی كردووە لە چوارچێوەی بەڵێن دەرناچێت، گوتەبێژ بەناوی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە حكوومەتی عێراق توانای دەركردنی هێزە بیانییەكانی لە شنگال نییە.

ئەمڕۆ شەموو ڤیان دەخیل لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەوانان گوتی، سیاسەتەكانی عێراق یاریدەر نەبووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، ئێمە كێشەمان لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان لەو ناوچەیە هەیە، لە خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە دەركردنی هێزە بیانییەكانە لە شارەكە، بەڵام پێ دەچێت كە حكوومەتی عێراق توانای دەركردنی ئەوانی نەبێت، لەوانەش پەكەكە و گرووپە ناوخۆییەكانی پاڵپشتیان دەكات.

دەخیل ئاماژەی كرد، سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی عێراق هەندێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی شنگالی جێبەجێ كردووە، بەڵام ئەو خاڵانە گرنگ نەبوون، بۆیە دەبێت هەموو خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بۆ ناوچەكانیان بگەڕێنەوە بێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت.

ئەو گوتەبێژەی فراكسیۆنی پارتی دووپاتی كردەوە، تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار ژن و منداڵی ئێزدی رفێنراو لە لایەن داعشەوە ماون و چارەنووسی ئەوان دیار نییە، بۆیە رەخنە و گلەیی ئێمە لە حكوومەتی عێراق ئەوەیە كە لە بەدواداچوونی پرسی ئێزیدییە رفێنراوەكان رژد نەبووە. 

شایەنی باسە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، ئەوەش دوای دەركردنی ئەو هێزانەی ئێستە لەوێ باڵادەستن و دانانی ئیدارەیەكی نوێ بۆ شارەكە و دامەزراندنی هێزێكی پۆلیسی ناوخۆیی لە خەڵكی شنگال بۆ پاراستنی ئاسایش لەوێ، بەڵام سێ ساڵە ئەو رێككەوتنە وەك حوبری سەر كاغەز ماوەتەوە، شارەزایانیش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی خواستێكی هەرێمایەتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و دەركردنی پەكەكە لەو ناوچە دەگەڕێننەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل