سەرۆكی زانكۆی كەركووك: زۆر پێویستیمان بەو باڵەخانەیەی پارتی بوو بۆ ئەوەی چەند كۆلێژێكی نوێ بكەینەوە

:: PM:12:13:05/11/2023 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تشرینی دووەم، رێوڕەسمی پێشكەشكردنی بارەگای سەركردایەتیی كەركووكی پارتی بە زانكۆی كەركووك بەڕێوە چوو. بەمەش هەنگاوەكانی گەڕانەوەی پارتی و سەركردایەتیی كەركووك و لقی سێ بۆ كەركووك دەستی پێ كرد.

پێشكەشكردنی ئەو بارەگایە دوای كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هات بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، بڕیاری دا بارەگای پێشووی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، پێشكەشی زانكۆی كەركووك بكات، ئەمەیش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لەسەر ئاستی عێراق پێشوازیی لەو بڕیارەی پارتی كرا.

شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی پێشكەشكردنی بارەگای سەركردایەتیی كەركووكی پارتی بە زانكۆی كەركووك گوتی، ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی بارەگای مەكتەبی ڕێكخستنی پارتیمان وەربگرینەوە. هاوكات گوتی لەسەر بڕیاری بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێشتر سەرۆك وەزیران بڕیاری لەسەر وەرگرتنەوەی لەلایەن پارتیمان دابوو، ئەمڕۆش ئێمە لێرەین كە بەشێوەیەكی فەرمی ئەو بارەگایەمان وەرگرتەوە.

 هاوكات گوتی جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری دا ئەم بارەگایە بەدیاری بدرێتە زانكۆی كەركووك، ئەم بریارەی جەنابی سەرۆكیش لەلایەن خەڵكی كەركووكەوە جێی پێزانین بوو، بۆ دانیشتووانی كەركووكیش مایەی دڵخۆشی بوو.

هەروەها گوتی، پێشتریش سەرۆك بارزانی هەنگاوی زۆری لەم شێوەی ناوە بۆ هاوكاریكردنی زانكۆكان، ساڵی رابردوو كۆمەڵێك باڵەخانەی پارتی رادەستی زانكۆی دهۆك كرد، پێشتریش ئاماژەی بەوە دابوو كە  كە لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 بۆ هیچ شتێك پێی ئاسایی نەبووە داوای هاوكاری بكات، بەڵام بۆ زانكۆكانی كوردستان زۆر داوای لە وڵاتان كردووە هاوكاریمان بكەن.

هاوكات باسی لەوەش كرد، جیا لەوەی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە دیار بووە، هەر لە رۆژانی یەكەمی شەڕی داعش و لە سنووری كەركووك، جەنابیان بۆ پاڵپشتیی كەركووكییەكان گەیشتە كەركووك، هەر بە هاتنی ئەو وەك پشتگیرییەكی مەعنەویی گەورە ئەم شارە پارێزرا. ئەوەشی گوت، بەمنزیكانە بارەگای لقی سێی پارتی و بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیش لە كەركووك دەكەنەوە، پارتیش وەك حزبێك كاری خۆی لەم شارەدا دەست پێ دەكاتەوە . بوونی پارتیش لە كەركووك پێكەوەژیان قووڵتر دەكات و پارێزگاری لە پێكهاتەكانی ئەم شارە دەكات.

دكتۆر عیمران سەرۆكی زانكۆی كەركووك بە وەكالەت لەمبارەیەوە گوتی، ئێمە زۆر پێویستیمان بەو باڵەخانەیەی پارتی بووە بۆ ئەوەی چەند كۆلێژێكی نوێ بكەینەوە، ئەم باڵەخانەیەش دەبێتە هاوكار بۆ كردنەوەی ئەو كۆلێژە نوێیانەی زانكۆی كەركووك.

دوای هێرشەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە دەستیان بەسەردا گیرا، بەشێكیان دوای ماوەیەك چۆڵ كران، بەڵام بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكە، سوپای عێراقی تێیدا جێگیر كرابوو كە بڕیارە ئەمڕۆ چۆڵی بكەن.





وشە - سۆران عەزیز