فه‌رمانده‌ی زێره‌ڤانی رێوڕه‌سمێكی بۆ رێزگرتن له رۆحی ئه‌و شه‌هیدانه ئه‌نجام دا كه له رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه بوونه قوربانی.
ئێواره‌ی 27ی ئه‌یلوول/سێپته‌مبه‌ری 2023، له شاره‌دێی حه‌مدانیه‌ی سه‌ر به مووسڵ، له هۆڵێكی ئاهه‌نگێراندا ئاگرێكی گه‌وره كه‌وته‌وه و شاییه‌كه‌ی كرد به شینێكی گه‌وره، سه‌تان كریستیان به‌هۆیه‌وه بوونه قوربانی، هه‌مان رۆژ سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی كوردستان رای گه‌یاند كه مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، فه‌رمانی كردووه ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌مبوڵانس و تیمی فریاگوزاری ڕه‌وانه‌ی شوێنی ڕووداوه‌كه بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ فه‌رمانده‌ی زێره‌ڤانی له راگه‌یه‌نراوێكدا رایان گه‌یاند، رێوڕه‌سمێك بۆ رێزگرتن له رۆحی پێشمه‌رگه شه‌هیده‌كانی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی له كاره‌ساته‌كه‌ی حه‌مدانیه و برینداره‌كان، به‌ڕێوه چوو.
رێوڕه‌سمه‌كه به ئاماده‌بوونی كه‌سوكاری شه‌هیدان و لیوا عه‌زیز وه‌یسی، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی و مار نه‌سنائیل نزار عجم، سه‌رۆكی ئه‌بره‌شیه‌ی حه‌دیاب سریان كاسۆلیك له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌یی و فه‌رمانده و ئه‌ندامانی یه‌كه‌ی پاسه‌وانیی تایبه‌ت و قایمقامی عه‌نكاوه و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش و به‌رپرسانی حكوومی و حزبیی شارۆكه‌كه، رێوڕه‌سمی ماته‌مینی و رێزگرتن له رۆحی ئه‌و چوار پێشمه‌رگه‌یه‌ی زێره‌ڤانی كه له كاره‌ساته‌كه‌ی حه‌مدانیه شه‌هید بوون و هاوكاریكردنی كه‌سوكاره‌كانیان و پێشمه‌رگه برینداره‌كان، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌رۆكی ئه‌بره‌شیه‌ی حه‌دیاب سریان كاسۆلیك، سوپاسی بێ پایانی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه هه‌ر له سه‌ره‌تای رووداوه‌كه‌وه سه‌ره‌خۆشیی خۆیان راگه‌یاندووه و هاوكاریی كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان و برینداره‌كانی رووداوه‌كه‌یان كردووه و ئه‌ركی چاره‌سه‌كردنی برینداره‌كانیان له ئه‌ستۆ گرتووه.
له كاره‌ساته‌كه‌ی هۆڵی بۆنه‌كانی قه‌زای حه‌مدانیه، چوار پێشمه‌رگه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانیی تایبه‌تی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی شه‌هید بوون و شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی تریش زامدار بوون.