"كەشوهەوایەكی ئەرێنی و رژد باڵی بەسەر گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا كێشاوە"

:: PM:05:01:12/11/2023 ‌

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر، شاندەكە بە سەرۆكایەتیی وەزیری نەوتی عێراقە و مەبەست لە سەردانەكە گەیشتنە بە رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی نەوت و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمە، شارەزایەك بە گەشبینییەوە ئاماژە بۆ ئەگەری سەركەوتنی گفتوگۆكان دەكات.

گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری وزە و نەوت لەوبارەوە دەڵێت، سەردانی وەزیری نەوتی عێراق و شاندی هاوەڵی بۆ هەولێر، رەنگدانەوەی رژدیی حكوومەتی عێراقییە لە چارەسەركردنی كێشە نەوتییەكان، بە تایبەتی شاندەكە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و تەكنیكی لە وەزارەتەكە لەخۆ دەگرێت، ئەوەش مانای ئەوەیە باس لە لایەنە ئیداری و دارایی و تەكنیكییەكان دەكرێت بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە هیوادارین بە زووترین كات دەست پێ بكاتەوە.

سەبارەت بە ناكۆكییەكان گوتی، ناكۆكییەكانی بریتین لە دید و سەیركردنە بۆ یاسای نەوت و غاز، كاتێك لە هەرێمی كوردستان وا سەیری یاساكە دەكرێت كە بنەماكانی فیدرالیەت بۆ حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی بەپێی دەستوور بەهێز بكات، كەچی لە بەغدا سەیركردنەكە بە ئاراستەی بەهێزكردنی مەركەزییەتە.

شێروانی دووپاتی كردەوە، بەپێی مادەی 112ی دەستوور بە روونی زامنی هاوبەشی لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت كراوە، بۆیە پێویستە لە دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارەتی لە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت رەچاوی ئەو مادەیە بكرێت، كە هیوامان وایە لە رووی زانستی و پیشەییەوە دوور لە كاریگەریی سیاسی و حزبی چارەسەر بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل