كێشەی قوتابیانی زانكۆی گەرمیان چارەسەر كرا

:: PM:02:57:15/11/2023 ‌
بۆ چارەسەركردنی گرفتی كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی گەرمیان، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانی گواستنەوەی ڕاژەى 14 پزیشكى بۆ سەر كۆلێژی پزیشكیی گەرمیان دەركرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تشرینی دووەم، لە فەرمانێكی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتووە، پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەروەها لاری نەبوونی وەزارەتی تەندروستی و رەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە واژووی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، فەرمانی وەزاری ژمارە (23125) لە ڕێكەوتی (2023/11/15) دەرچوو، كە تایبەتە بە گواستنەوەی ڕاژەی 14 پزیشك لەسەر میلاكی وەزارەتی تەندروستی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، بۆ سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ زانكۆی گەرمیان/ كۆلێژی پزیشكی.

بڕیاری گواستنەوەی پزیشكانی میلاكی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بۆ سەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی گەرمیان، پیادەكردنی نەخشەڕێی گونجاو بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانە، بەتایبەتیش دابینكردنی ستافی پێویست بۆ كۆلێجەكە لەڕێی گواستنەوەیان بۆ سەر میلاكی كۆلێجی پزیشكی.

پێشتر قوتابییانی ئەو زانكۆیە چەند ڕۆژێك خۆپێشاندانیان كرد و داوای دابینكردنی پزیشك و كەسی پسپۆڕیان بۆ زانكۆكەیان دەكرد.



وشە - رامیار جەواد