40%ی ماڵەكانی ناوچەی شنگال و خانەسۆر تونێلیان تێدا لێ دراوە

:: PM:12:03:16/11/2023 ‌
لە چەندان شوێنی ناو شاری شنگال و شارەدێی سنوونێ، لەلایەن پەكەكەوە تونێلێكی زۆریان تێدا لێ دراوە، بۆ شاردنەوەی پەكەكە و سەركردەكانی لە بەئامانجگرتنی بەردەوامیان لەلایەن درۆنەكانی توركیاوە. ئەمەش وەك ئامادەكارییەكە بۆ ئەگەری هەر لەشكركێشییەك كە لە داهاتوودا بكرێتە سەریان لە شنگال.

لەمبارەیەوە ئیدریس زۆزانی بەرپرسی راگەیاندنی لقی 17ی پارتی لە شنگال ڕای گەیاند، نەك هەر چیای شنگال كە پەكەكە هەمووی كردووەتە تونێل، ئیتر هاتوون لە ناو شنگالیش لە هەندێك گەڕەكی شارەكە، هەروەها لە خانەسۆریش، تونێلێكی زۆریان لێ داوە كە بەشێكیان كەوتوونەتە ژێر خانووەكان."

گوتیشی، 40%ی ماڵەكانی ئەو ناوچانەی سنووری شنگال كە لە ژێر دەستی پەكەكەدان، كون كراون و تونێلیان تێدا لێ دراوە، زۆربەی ئەو ماڵانە لە ڕیی كون و تونێلی بچووكەوە، بەیەكەوە بەستراونەتەوە و لە كۆتاییشدا سەرجەمیان بە خاڵێك دەگەنەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، تونێلەكانی پەكەكە لە شنگال، وەك تونێلەكانی حەماس پتەو نین و تەنیا لە ڕێی هەڵكۆڵینەوە دروست كراون، ئەگەر لە شوێنێك زۆر پێویست نەبووبێت، كۆنكرێت نەكراون.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، بیرۆكەی ئەو تونێلانە بیرۆكەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبین، هەمان ئەوانەی بیرۆكەی تونێلیان بە حەماس داوە، ئەو بیرۆكەیەیان بە پەكەكەش داوە، گومانی زۆر دەكرێ كە لەو تونێلانەدا جگە لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توركیا، كاری مەترسیدار و نایاسایی زۆریش بكرێت."



وشە - سۆران عەزیز