بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر قوتابیەك زانكۆیەكی ئەمەریكی باڵوێزی پێشووی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەردەكات

:: PM:04:51:08/12/2023 ‌
زانكۆی "ئۆبەرلین"ی ئەمەریكی، بڕیاری دا بە دەركردنی یەكێك لە مامۆستاكانی لە زانكۆكەی كە پێشتر باڵوێزی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و تۆمەتبارە بە دەستدرێژی كردنە سەر قوتابییەكی كچ لە زانكۆكە. 

ئەندریا سیماكیس گوتەبێژی زانكۆی "ئۆبەرلین" رای گەیاند، زانكۆكەیان محەمەد جەعفەر مەحەلاتی باڵوێزی پێشووی ئێرانی لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە زانكۆكەیان وەك مامۆستا دەردەكات، ئەمەیش دوای ئەوەی بەپێی چەند بەڵگەیەك كە لەلایەن پێگەی "ئیران ئینتەرناشیۆنال" لەسەری سەلمێندرا كە یەكێك لە قوتابییە كچەكانی خۆی ناچار كردووە سێكسی لەگەڵدا بكات. 

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە رێكخراوێك بە ناوی "یەكێتیی دژایەتیكردنی رژێمی ئێران" داویەتی بە دادگا، "محەمەد جەعفەر مەحەلاتی، لە كاتی وانە گوتنەوەیدا لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، تۆمەتبارە بە ناچاركردنی كچە قوتابییەك بە ئەنجامدانی سێكس لەگەڵیدا لەبەرانبەر یارمەتی دانی لە خوێندن". 

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر رۆژنامەی "نیۆرك پۆست" بڵاوی كردەوە كە زانكۆی "ئۆبەرلین" محەمەد جەعفەر مەحەلاتی لە وانە گوتنەوە راگرتووە دوای ئەوەی تۆمەتبار كراوە بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر قوتابییەكی خۆی لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا. 

لەلایەكی ترەوە محەمەد جەعفەر مەحەلاتی، تۆمەتبار دەكرێت بە پەردەپۆشكردنی تاوانی لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی نزیكەی 50 زیندانی لە هاوینی 1988، لەوكاتەی باڵوێزی ئێران بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان. 

جێگەی ئاماژەیە لە شوباتی ئەمساڵ، كۆمەڵێك لە كەسوكاری قوربانییانی ئەو زیندانە سیاسیانەی لە 1988 لەلایەن ئێرانەوە لە سێدارە دران، لە ئەمەریكا گردبوونەوەیەكیان دژی محەمەد مەحەلاتی ئەنجام دا و داوایان كرد دەستبەجێ لە زانكۆی ئۆبەرلین دەربكرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود