ئەمەریكا... مامۆستایەكی زانكۆ دەستڕێژی گولە لە مامۆستا هاوكارەكانی دەكات و سێیان دەكوژێت

:: PM:10:36:08/12/2023 ‌
مامۆستایەكی زانكۆ لە یەكێك لە زانكۆ ئەمەریكییەكان بە دەستڕێژی گولە كۆتایی بە ژیانی سێ لە مامۆستای دیكەی هاوكاری هێنا لە زانكۆی "نیڤادا" لقی لاس ڤێگاس. 

بەپێی میدیا جیهانییەكان، رووداوەكە بەم شێوەیە بووە، مامۆستایەكی تەمەن 67 ساڵ دوای چوونی بۆ ناو حەرەمی ئەو زانكۆیەی كە وانەی تێدا گووتووەتەوە، دەمانچەكەی دەردێنێ و دەستڕێژی گولەی كوێرانە بەسەر هاوكارانی دەكات و لە ئەنجامدا سێ مامۆستای هاوكاری خۆی لە زانكۆكەدا دەكوژێت. 

پۆلیسی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە، مامۆستاكە بە ناوی "ئەنتۆنی بۆلیتۆ" دوای ئەوەی گیراوە لەلایەن هێزەكانیانەوە، دەستبەسەر نۆ مەخزەنی پڕ گولەی دەمانچەی عەیار نۆ میلیمدا گیراوە. 

پۆلیس ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە هێشتا هۆكاری رووداوەكە بە تەواوی روون نییە و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ مامۆستا تۆمەتبارەكە كراوەتەوە. 

"كیڤن مەكماهیل" بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتی "كلارك" لەبارەی رووداوەكەوە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، "ئەنتۆنی بۆلیتۆ" مامۆستا تۆمەتبارەكە سەعات 11:28ی بەیانی بە كاتی ناوخۆیی، لە ئۆتۆمبێلێكی لیكزسی 2007 گەیشتووەتە زانكۆكە. 

لە درێژەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری پۆلیس گوتی، دوای ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەكەی هاتە خوارەوە و لە شوێنێكی نزیكی زانكۆ ئۆتۆمبێلەكەی پاڕك كرد، چووە هۆڵی "بیم" لە زانكۆكە و دەستی كرد بە دەستڕێژی گولە و سێ لە مامۆستایانی زانكۆكەی خۆی كوشت.


وشە - پۆڵا مەحموود