كەشناسی: سبەی بارانبارین نامێنێت

:: AM:10:18:13/12/2023 ‌
كەشناسیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە رای گەیاند، ئەو شەپۆلەی ئێستە لە هەرێمی كوردستان هەیە، سبەی كۆتایی دێ‌ و كاریگەریی نامێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی كانوونی یەكەم، كەشناسیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین لە سەرجەم ناوچەكان دەبارێت، كاریگەریی ئەم شەپۆلە كە رووی لە ناوچەكەمان كردووە، ئەمڕۆ لەسەر بەشەكانی رۆژئاوای هەرێم تا كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بەشێوەی نمەباران دەبێت، لەسەر ناوچە شاخاوییەكان بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت.

باس لەوەش كراوە، لە دوای نیوەڕۆ كاریگەریی ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم، سنووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری پارێزگا و بەشی رۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایە بارانی مامناوەند دەبێت، ئیدارەی راپەڕین و سنووری پارێزگای سلێمانی، ئاستی دابارینی مامناوەند دەبێت.

لەبارەی بەفربارین كەشناسی دەڵێت، بەفربارین لەسەر لووتكەی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەبارێت، كاریگەریی ئەم شەپۆلە لە درەنگانی شەودا لاواز دەبێت و بارانبارین لەسەر زۆربەی ناوچەكەمان كۆتایی دێت.

كەشناسی بۆ كەشوهەوای سبەی دەڵێت، ئاسمان نیمچەهەور دەبێ، بەگشتی نمەباران لەسەر بەشێك لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای سلێمانی دەمێنێتەوە، لە دوای نیوەڕۆ ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و ساماڵ .



وشە - رامیار جەواد