زانكۆی سلێمانی لە ناو هەزار و 900 زانكۆی هەڵبژێراوی دنیا پلەی 401 وەردەگرێت

:: AM:09:12:17/12/2023 ‌
لە كۆی بەشداریی پێنج هەزار زانكۆ لەسەر ئاستی دنیا و لە ناو هەزار و 900 زانكۆی هەڵبژێراو، زانكۆی سلێمانی وەك تاكە زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، پلەی  ٤٠١ – ٥٠٠ وەردەگرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە زانكۆی سلێمانی دەكات و دەڵێت، بەپێی  ڕیزبەندی شەنگهای بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە بواری (زانستی مادەكان و ئەندازیاری) لە كۆی پێنج هەزار زانكۆ لەسەر ئاستی دنیا و لە ناو هەزار و 900 زانكۆی هەڵبژێراو، زانكۆی سلێمانی وەك تاكە زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، پلەی  ٤٠١ – ٥٠٠  وەردەگرێت.

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتی دەكاتەوە، ئەم دەستكەوتەی زانكۆی سلێمانی، پێشاندەری ئەو ڕاستییەیە كە زانكۆكە لە ڕێی توێژینەوە و توێژەرەكانیەوە، دەیەوێت شوێنێكی باشتر لە نەخشەی ئەكادیمیای دنیادا دەستەبەر بكات.

ئەوەش دەڵێت، ئەم ئەنجامە كاریگەریی ئەرێنی دروست دەكات لەسەر رەوتی پێشكەوتنی ئەكادیمیا و ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان بەگشتی، بۆ ئەوەی چالاكانەتر لە نەخشەی ئەكادیمیای جیهانی دەربكەون.

ڕیزبەندیی شەنگهای بۆ هەڵسەنگاندنی توانای زانكۆكان، پشت بە چەند پێوەرێك دەبەستێت، بەتایبەت لە بوارەكانی ژمارەی توێژینەوە، كاریگەریی توێژینەوە، هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی، كوالێتیی توێژینەوە، خەڵاتی ئەكادیمیی نێودەوڵەتی.



وشە - سۆران عەزیز