شنگالی: مانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق پێوەستە بە توانای هێزە تەناهییەكانەوە

:: PM:08:20:09/01/2024 ‌

ئیستە شیعەكان لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و میلیشیاكانەوە داوای چوونەدەرەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق دەكەن، لەوكاتەی ئێستە پەرلەمان و حكوومەت لەدەست خۆیانە، كەچی لە میدیاكان هەڵایان دروست كردووە بەوەی دەبێت هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بچنە دەرەوە، پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە دەكات كە ئەو بابەتە پێوەستە بە توانای هێزە تەناهییەكانی عێراق.

د. ماجد شنگالی، ئەندامی فراكسۆنی پارتی و سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، هێزە تەناهییەكانی عێراق تاكە لایەنن كە بڕیار لەسەر مانەوە و رۆیشتنی هاوپەیمانان دەدەن، ئەوەش لەسەر بنەمای توانای ئەوان بۆ پاراستنی ئاشتی و خەمڵاندنیان بۆ دۆخەكە.  

شنگالی تیشكی خستە سەر چەند رووێكی دۆخی ئێستەی عێراق و گوتی، ئەگەر نرخی نەوت بگاتە 60 دۆلار بۆ بەرمیلێك، حكوومەتی توانای دانی مووچەی نامێنێت، لەوكاتەی دوو لەسەر سێی هێزەكانی عێراق ئێستە زیادن، ئەو دووپاتی كردەوە كە ئێستە دەسەڵات و پارە لە عێراق فەرمانڕەوایەتی دەكەن.

"ژمارەی كارمەندانی سوپای عێراق لەوەی وڵاتانی پێشكەوتوو زیاترە، لەوكاتەی پێویستیمان تەنیا بە 30%ی ئەوان هەیە، بە هەمان شێوەش بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەموو وڵاتێك سندووقێكی داهاتی سیادی هەیە تەنیا عێراق نەبێت، ئەوەی تا ئێستە لە بودجە خەرج كراوە، خەرجی بەكارخستن و مووچەیە، ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت ببێتە 60 دۆلار، ناتوانین چیتر مووچە خەرج بكەین، ئەوكات پەنا بۆ یەدەگی دراو دەبەین كە زیاتر لە دوو ساڵ بەشمان ناكات، لە عێراق كودەتا روونادات، نەك لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی بەهێزە، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەكانی هێزی خۆیان هەیە، بۆیە ئێستە دەستەواژەی دەوڵەتی فشۆڵ لەسەر عێراق جێبەجێ دەبێت"، ماجید شنگالی وادەڵێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل